قوباد تاڵەبانی لەگەڵ كۆمەڵێك لە كادر و رۆژنامەنووسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان کۆبووەوە

کوردستان
23:38 - 2022-06-16

قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ كۆمەڵێك لە كادر و رۆژنامەنووسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە لە كەناڵەكانی راگەیاندنی عەرەبی شرۆڤەی رووداو و پێشهاتەكانی عیراق و كوردستان دەكەن، تەئكیدی لەسەر گرنگی رۆڵی راگەیاندن بەگشتی و بە تایبەتی بەزمانی عەرەبی كردەوە لە گەیاندنی پەیام بەشێوەیەكی ورد و روون و كاریگەر.

 لەو كۆبوونەوەیەدا كە ئەمڕۆ 16/6/2022 لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو، ستران عەبدوڵڵا لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن ئامادەیبوو، قوباد تاڵەبانی خۆشحاڵی دەربڕی بە بینینی ئەو كۆمەڵە كادر و رۆژنامەنووسە و دەستخۆشی لێكردن كە بێوچان لە هەوڵی گەیاندنی هەڵوێست و دیدی هەرێمی كوردستان و پەیام و بۆچوونەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بوون لە دیدار و چاوپێكەوتنەكانیان لە كەناڵەكانی راگەیاندنی عەرەبی و داكۆكیان لە سیاسەتی كوردستانی و دیدی یەكێتی وکورد كردووە لە ئاستی عێراق و كارەكانیانی بەرز نرخاند.

لەو رووەشەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەرۆڵی دیار و بەرچاوی سەرۆك مام جەلال كرد لە بەهێزكردنی پێگە و رۆڵی كورد و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر ئاستی عیراقدا، هەروەك بەوردی گوێی لە پێشنیار و راوبۆچوونی ئامادەبووان گرت و جەختی كردەوە كە ئەو ئەركەی لە ئەستۆی ئەو كادرانەی یەكێتیدایە ئەركێكی زۆر گەورەیە و رۆڵی باشی دەبێت لە بەهێزتركردن و پتەوتركردنی پێگەی هەرێمی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر ئاستی عیراق و كوردستانیش.

هەر لەمیانی قسەكانیدا قوباد تاڵەبانی پێویستی بایەخدان بە میدیای نوێ و هۆكارە نوێیەكانی گەیاندنی پەیامی میدیایی كردەوە، هەروەك تەئكیدی كردەوە كە بەحوكمی ئەوەی هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عیراق بۆیە گەیاندنی پەیام و مەسجەكانی كوردستان و یەكێتی بەزمانی عەرەبی كاریگەری زۆری هەیە لە ئاستی شەقام و لەسەر گۆڕەپانی سیاسیشدا.

ئەو كۆمەڵە كادر و رۆژنامەنووسە لەماوەكانی رابردوودا لەڕێی بەشداری كارایان لە بەرنامە و دیدارە میدیاییە عیراقی و عەرەبییەكاندا، پەیام و راو بۆچوونەكانی هەرێمی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-یان گەیاندە شەقامی عیراقی و بەهەماهەنگی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی لەژێر ناوی "محاورون من أجل القچیە" كۆبوونەتەوە و لەوبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی هەوڵەكەیانی بەرزنرخاند و پشتیوانی و ویستی هاوكاری بۆ دووپات كردنەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP