به‌ته‌نها مانگی رابردوو 900 هاووڵاتی لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمار كراون

تەندروستی
09:16 - 2022-09-02

پەرلەمانتارێكی كوردستان هۆشداری دەداتە حكومەتی هەرێم و رایدەگەیەنێت، پریشكی ئاگری بەغدا دورو نزیك دەگاتە هەرێمی كوردستان ئەگەر چارەسەری قەیرانەكان نەكەن.
كاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاندوە، دۆخی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە جۆرێكە كە كەس تەمەنای ناكات بەتایبەت دوای گەمارۆدانی ئاشكرای پارێزگای سلێمانی كە تەواوی پرۆژەكانی ئەو پارێزگایە پەكدەخرێن و بەبڕیارو عەقڵێكی بچوكی سیاسی ئەم پارێزگایە پەراوێز خراوە.
گەزنەیی وتیشی: هەر تەنها مانگی رابردوو لە نەخۆشخانەی هیوا 900 نەخۆشی شێرپەنجە لە پارێزگای سلێمانی تۆمار كراون، ئەم نەخۆشانە پێویستیان بە دەرمانە لە سەرتاسەری عیراق و هەرێمی كوردستانەوە نەخۆشی بۆ دێت، رۆژانە رێژەی شێرپەنجە بەرزدەبێتەوەو ئێستا ئەو نەخۆشخانەیە بێ دەرمانە، نازانین چۆن ویژدانیان ئاسودە دەبێت كاتێك كەسێكی نەخۆش چاوەڕێی دەرمانە، بەڵام پارەیان بۆ خەرج ناكەن.
وتیشی: عەیبەیەكی گەورەیە رۆژانە 500 هەزار نەوت بەرهەم بهێنرێت و نەتوانرێ كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هاووڵاتیان دابین بكرێت، هەروەها نەوتی سپی دابین نەكرێت، بەم عەقڵیەتەی ئێستا هەرێم پرشیكی ئاگری عیراقی پێدەگات ئەمە هۆشدارییەكە بۆ حكومەت بۆئەوەی زوبەزو چارەسەری ئەو قەیرانانە بكات لەكاتێكدا داهات لەبەردەست حكومەتی هەرێمدایە.
لەكۆتاییدا كاروان گەزنەیی وتی: پەرلەمانی كوردستانیش لەماوەی چوار ساڵی تەمەنیدا نەیتوانیوە بەئەركی خۆی هەڵبستێت تەنها 45 پرۆژە یاسای جێبەجێكردوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP