قوباد تاڵەبانی: قۆناغێکی نوێى پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێم و ئەمریکا دەست پێدەکات

کوردستان
19:03 - 2022-09-21

قوباد تاڵەبانی: بە ئیمزاکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی سەربازی قۆناغێکی نوێ لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێم و ئەمریکا دەست پێدەکات

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سێلێست واڵندەر یاریدەرەی وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند: ئیمزاکردنی یاداشتی  لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی  بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە وێستگەیەکی گرنگی دیکەیە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکادا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە ٢١ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و کۆنسوڵی ئەو وڵاتە لە هەرێم ئامادەی بوون، گفتوگۆکرا لەبارەی پرۆسەی چاکسازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە و جەختکرایەوە لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی نیشتمانی.

لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە چاکسازییەکانی لە وەزارەتی پێشمەرگە تا ئەوکاتەی هێزی پێشمەرگە بە تەواوەتی دەبێتە هێزێکی تۆکمەتر و رێکخراوتر. ستایشی ئەمریکاشی کرد بۆ هەماهەنگی و هاوکارییەکانی بۆ  هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

لە تەورێکیتری کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی هاوپەیمانی نێوان کورد و ئەمریکا و بەهێزترکردنی هاوپەیمانێتییەکە. جێگری سەرۆک وەزیران بە گرنگییەوە باسی لە ئیمزاکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارتی پێشمەرگە کرد و ئاماژەی بەوەشدا ئەم لێکتێگەیشتنەی ئەمڕۆ ئیمزا کرا کاریگەری گرنگی دەبێت لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق.

ئەمڕۆ یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە واژۆکرا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP