لەسەر مەزاری سەرۆك مام جەلال-ەوە یادی ژیانئاوایی شكۆی نەتەوە دەستپێدەكات

کوردستان
13:48 - 2022-10-01

 

دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی ئامادەكارییەكانی بۆ پێنجەمین ساڵیادی كۆچی دوایی شكۆی نەتەوە و نیشتمان سەرۆك مام جەلال دەستپێكردووە، بەشێك لە رێوڕەسمی مەراسیمەكە لەسەر مەزاری سەرۆك مام جەلال لە سلێمانی دەبێت و رۆژی 30-9-2022 سەرۆك و ژمارەیەك لە ئەندامانی دەستەی دامەزراوەكە سەرقاڵی رێورەسمەكەبوون.

مەراسیمی یادكردنەوەكە كە یەكەمین چالاكی دامەزراوەكەیە بە دوو بەش دەبێت، بەشێكی سەرلەبەیانی لە رۆژی 3-10 لەسەر مەزاری سەرۆك مام جەلال دەبێت و بەشێكی دیكەیشی رێورەسمێكە لە شاری هەولێر دەبێت.

باڵیۆز د. محەمەد سابیر سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی  رایدەگەیەنێت: " سەرقاڵی ئامادەكارییەكانین و سەعات 8:00ی بەیانی رۆژی دووشەممە، هەڤاڵانی مەڵبەندەكان و ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر بەشێكی زۆریان لێرەدەبن  بۆ پێشوازیكردن لە هەموو ئەوكەسانەی دێن بۆ زیارەتی مەزاری مام جەلال و ئەمەیان بۆ هەموو كەسێكە لە پێشوازی هەركەسێكدا دەبین كە حەز دەكات سەردانی مەزاری سەرۆك مام جەلال بكات".

هەموو ئەو كەسانەی دەشنە سەر مەزاری سەرۆك مام جەلال دەتوانن، وتەیەك، یان یادەوەرییەك، یان هەستی خۆیان دەرببڕن، بۆ ئەوەش دەفتەرێكی تۆمار دادەنرێت.
"ئەمساڵ مەزارەكە وەكو پێشانگایەك وایە بۆ وێنەكانی سەرۆك مام جەلال هەم ئەو وێنانەی كۆكراونەتەوە هەم بۆ وتەكانی مام جەلال لە بۆنە جیاوازەكاندا، ئەوەش هەلێك دەبێت تا خەڵك جارێكیتر بە وتەكانی و بەرێبازەكەی ئاشنابێتەوە". سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی  وایوت.

 ئەمساڵ یادكردنەوەكە رەسمی و رێكخراوترە و بەشی دووەمی چالاكییەكان لە هەمان رۆژی 3/10 لە هەولێر و لە هۆڵی مامۆستا سەعد دەبێت، ئەو میوان و كەسایەتییانە لەوێ دەبن كە دامەزراوەكە بانگهێشتی كردوون.

باڵیۆز د.محەمەد سابیر دەڵێت: " ئەمساڵ بە پێویست زانرا لە هەولێر بێت چونكە پایتەختی هەرێمی كوردستانە و بەشێكی زۆری كونسوڵگەرییەكان لەوێن و بۆ كەسایەتییە بیانیەكان  ئاسانترە.

 بەپێی بەرنامەی یادكردنەوەكە كە سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی ئاشكرایكرد، باڵیۆز د. محەمەد سابیر وتەیەكی كورتی دەبێت و  دواتر سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عیراق و سەرۆكی هەرێمی كوردستان  وتاری خۆیان دەبێت و گرتە ڤیدۆیەك نمایش دەكرێت كە تۆنی بلێر تۆماری كردووە، پاشان بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان وتاری بنەماڵەی تاڵەبانی پێشكەش دەكات و لەكۆتایشدا قوباد تاڵەبانی وتەیەكی دەبێت.

هەر لەسەر مەزاری سەرۆك مام جەلال، سەرۆك و ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر پێشوازی دەكەن و هەر لە ئێستاوە ئامادەكاریی كراوە.

رەهبەر سەید ئیبراهیم ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی رایگەیاند: "هەركەسێك دێت ئازادە و ئێمە لێرەین پێشوازی لە خەڵك دەكەین و یادەكەش جیاوازە تەنها لە سنوری حزباییەتیدا نییە  و زۆر گەرورەترە، چونكە مام جەلال كەسایەتییەكی جیهانی بوو ، تەنها كەسایەتییەكی حزبی نەبووە"
"رۆڵی سەرۆك مام جەلال دیارە، ئەوكاتەی مام سەرۆك كۆمار بوو، سەرۆك مام جەلال، شیعە و سوننە و هەموو لایەنە ناكۆكەكانی كۆكردبووەوە، ئەوە مام بوو، پۆستی سەرۆك كۆماریی گەورەكرد و  بەویستی هەموو گەلان كاریدەكرد و لە قاڵبێكی تەسكدا نەدەمایەوە". رەهبەر سەید ئیبراهیم وایوت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP