مەکتەبی سیاسی بۆ رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

کوردستان
18:10 - 2022-11-20


رۆژی شەهیدی یەکێتی، رۆژی کەم ژیان و کەڵ ژیان
تۆماری خەباتی چل وحەوت ساڵەی یەکێتیی و شۆرشی نوێی گەلەکەمان، لەیەکەم شەهیدەوە تا دواشەهید تۆمارێکی پڕ لە شانازی بێ بڕانەوەی یەکێتیە کە نەخشەی سەرتاسەری نیشتمانی گرتۆتەوە.
 کەس وکار و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان
 لەم رۆژەدا بۆ یادی ئەو هاوخەبات و هاوسەنگەرانەمان کە لە زیندانەکانی رژێمی بەعسی سەدامیدا بە سەربەرزیی و بەدەم دروشم و سرودەوە چونە بەر پەتی سێدارە، یان لەسەنگەرەکانی  بەرگریدا بەوپەڕی جوامێرییەوە سنگیان دایە بەر گولەی  دوژمن و گیانیان بەخشی بە وڵات و گەلەکەیان، سەری سوپاسگوزاری و ڕێزگرتن دادەنوێنین .
لە مێژووی پڕ لە خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هەموو رۆژەکانی ئەم تۆمارە سەربەرزە پڕیەتی لە بیرەوەری شەهید،لە بەخشین و گیانبازیی ڕۆڵە و کەسو کارو  هاوخەبات و هاوسەنگەرانمان ،بەڵام کە رۆژێکی وەک  21 ی تشرینی دووەممان دیاری کردوە بە ترۆپکی شەهادەت یادی لە سێدارەدانی  خاڵە شیهاب و هاوڕێکانێتی، ئەوان لەسەرەتای دامەزراندنەوە وەک پۆلێکی سەرمەشق گیانیان بەخت کردو دروشمی( کەم بژی و کەڵ بژی) یان داهێنا، ئیتر  لەو رۆژەوە لەسەنگەری بەرگری لە ناوچە رزگارکراوەکان، لە داستان ونەبەردییەکان، لە زیندانەکان، لە چالاکی  و خۆپیشاندانەکانی ناوشارەکان  لە ڕاپەڕین و پرۆسەی ئازادی عیراق و لەڕووبەڕووبونەوەی تیرۆریستان، سەدان وهەزاران ڕۆڵەی ئەم گەلە  چونەتە نێو کەژاوەی شەهادەتەوە و لەم دەفتەری پڕ لەشانازییەداهەمووچین و توێژەکانی کوردەواری دێر و دەربڕین و گوزارشتی گیانبازییان هەیە.

 کەسو کاری  سەربەرزی  شەهیدان 
ئەم یادە پڕ لە شکۆیە دەرفەتێکە بۆ جۆشدانەوەی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان و یەکێتیەکەمان، لەپێناوی ماف و دادپەروەری و دیموکراسی و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی لە کوردستان و نەهێشتنی سیاسەتی  جیاوازی کردن لە خزمەت بە ناوچەکانی کوردستان و ڕاگرتنی تاکڕەویی و خۆسەپێنی بەسەر  ئیرادەی خەڵکدا، بۆ ئەوانە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  ئەو خەباتەی شەهیدەکانمان جۆشدەداتەوە کە لە پێناویاندا گیانی خۆیان بەخشی . 
 هەر لەم یادەدا لە پای سەنگی یەکێتی بە شانازیکردن، بە شەهیدەکانیەوە، بۆ هەمیشە بەلێنی بەردەوامیدان بەو کاروانە پڕ لە قوربانیدانە دووپات دەکەینەوە.
بە سەنگی شەهیدانمان سەربەرزین و هەر بەو سەنگەشەوە پێداگری لەسەر سیاسەتی ڕاست و ڕەوامان دەکەین.

مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی  کوردستان

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP