ریاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە لە قۆناغێكی نوێی دەسشكانەوەدا

وەرزش
13:19 - 2023-03-01

ریاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە لە قۆناغێكی نوێی دەسشكانەوەدا
محەمەد عەبدولڕەحمان 
لە كاتێكدا یانەی ریاڵ مەدرید جەنگی یاری چوونی كلاسیكۆی نیوەی كۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر بە یانەی بەرشەلۆنەی ركابەری ئەنجام دەدات، تا رادەیەكی زۆر لە ركابەری كردن لەسەر نازناوی ئەم وەرزەی خولی یانەكانی ئیسپانیا بێ هیوا بوە كە لە ئێستادا یانەی بەرشەلۆنەی هاوجەمسەری بە جیاوازی حەوت خاڵ لە پێشەنگی خولەكەوە دەبینرێت.. بە گەڕانەوەمان بۆ مێژووی رووبەرووبونەوەی نێوان هەردوو یانەی ریاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە كە لەسەر حسێبی جامی شای ئیسپانیا ئەنجامیان داوە، تێیدا لە 36 بۆنەی جیاجیادا هەردوو تیپ بەرەنگاری یەكتر بونەتەوە.. لە كۆی ئەو دیدارانە یانە كەتەلۆنیەكە هەژموونی خۆی بەسەر ركابەرە مەدریدیەكەی سەپاندوە، بەجۆرێك لە 16 یاریدا سەركەوتنی دەستەبەر كردوەو لە هەشت یاریشدا یەكسانبوون خاڵی هاوبەشی نێوان هەردوو یانە بوە، ئەمە لە كاتێكدا لە 12 دیداری جیاوازدا، یانەی شاهانە بردنەوەو سەركەوتنی تۆماركردوە، هاوكات بۆم ئەم دیدارەیان یانەی ریاڵ مەدرید دەیەوێت چەندین ئامانجی خۆی بپێكێت كە خۆی لە تۆڵەی شكستەكەی كلاسیكۆی پێشوویان دەبینێتەوە كاتێك لە نێو خاكی ووڵاتی سعودیە بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لە بەرژەوەندی یانەی بلوگرانا دەستبەرداری نازناوی سوپەری ئیسپانی بوو، جیا لەوەش یانەی ریاڵ مەدرید نیازی ئەوەی هەیە هەگبەی نازناوەكانی بە جامی شای ئیسپانیا شاد بكاتەوە، كە ساڵانێكی زۆرە مەویست بوە لێی و نەیتوانیوە جامەكە بەرز بكاتەوە.. 
هاوكات یانەی ریاڵ مەدرید نایەوێت ئەم دەرفەتە لە كیسی خۆی بدات، بەتایبەت یاری چوون لە نێو یاریگاكەی خۆی و بەرامبەر بە هاندەرە بێ شوومارەكەی ئەنجام دەدات، هەر بۆ ئەم دیدارە یانەی ریاڵ مەدرید تواناكانی رۆدریگۆی بەرازیلی بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام تا ئێستا نازانرێت بەشێوەی سەرەكی بەشداری دەكات یاخوود نا، بەڵام بەهۆی پێكانەكەیەوە داڤێد ئالابای نەمساوی ناتوانێت پەیوەندی بە هێڵی بەرگری كەتیبەكەی كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەریەوە بكات و بەشداری لەم كلاسیكۆیەدا بكات 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP