سەرۆک بافڵ: پێشوازی لە هەر هەوڵێک دەکەین خزمەت بە گەلەکەمان بکات

کلتور
22:42 - 2023-03-20

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەورۆزەوە، پیرۆزباییەکی گەرم لە هاونیشتمانیان دەکات و دەڵێت، "هیوادارم جەژنی نەورۆز ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ گەلەکەمان و هەوێنێک بێت بۆ قووڵکردنەوەی گیانی خۆشەویستی و تەبایی لەنێوانماندا".

دەقی پیرۆزباییەکەی سەرۆکی یەکێتی


هاونیشتمانیانی خۆشەویست لە سەرتاسەری کوردستان

بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەورۆزەوە، لە قووڵایی دڵمەوە پیرۆزباییتان لێدەکەم و هیوادارم رۆژانی جەژن لە دڵخۆشی و کامەرانیدا بەسەربەرن.

هیوادارم جەژنی نەورۆز ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ گەلەکەمان و هەوێنێک بێت بۆ قووڵکردنەوەی گیانی خۆشەویستی و تەبایی لەنێوانماندا. هەموومان بە رۆحێکی کوردانە و لەپێناو سەربەرزی و سەرفرازیی کوردستاندا کاربکەین و داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ خەڵکەکەمان دەستەبەر بکەین.

لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی کوردی و بڵێسەی ئاگری نەورۆزدا، رایدەگەیەنین کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆشی گەشەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هەماهەنگییەکانە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان. پێشوازی لە هەر هەوڵ و دەستپێشخەرییەک دەکەین کە خزمەت بە گەلەکەمان و خەڵکە خۆڕاگرەکەمان بکات. ئێستا و هەمووکاتێک ئامادەی دیالۆگی نیشتمانی و بونیادنەرانەین و لە بەرامبەر ئەم ئەرکە نەتەوەیی و مێژووییەی لەسەر شانمانە بەرپرسیار دەبین.

باوەڕی پتەو و نەگۆڕمان بە یەکگرتوویی هەیە، چونکە تەنیا لەو ڕێگەیەوە دەتوانین مافە رەواکانی گەلی کورد بەدەستبهێنین و داهاتوویەکی پرشنگدار بونیادبنێین.

ئەمڕۆش کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی رزگارکردن و راپەڕینی کەرکووکی خۆشەویستمان، بە دڵ پیرۆزبایی لە کەرکوک و کەرکوکییە سەربەرزەکان دەکەم و دڵنیایان دەکەمەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو هێزە دەبێت بۆ هەمیشە لەگەڵیان دەمێنێتەوە و بە خوێنی خۆمان قودسی کوردستان دەپارێزین.

دووبارە جەژنتان پیرۆزبێت و سەرفرازبن

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP