له‌پێناو سه‌قامگیری به‌های دینار گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا به‌ڵێنی نوێ به‌ عیراق ده‌دات

عێراق
21:19 - 2023-04-12

عه‌لی عه‌لاق پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی عیراق له‌واشنتۆن له‌گه‌ڵ براین نیلسون یاریده‌ده‌ری وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا كۆبووه‌وه‌، نیلسونیش رایگه‌یاند، پشتیوانی هه‌نگاوه‌كانی عیراق ده‌بن بۆ جێگیركردنی به‌های دراو و، به‌رده‌وامی ئه‌و چاكسازیانه‌ی له‌سیاسه‌تی داراییدا ده‌ستیپێكردووه‌.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا، ئاماده‌یی خۆی نیشانداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری ته‌واوی عیراق بێت، تاوه‌كو به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر دینار جێگیربكرێت.

پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی عیراقیش ده‌ڵێت، له‌گه‌ڵ یاریده‌ده‌ری وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا رێككه‌وتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاسانكاری ته‌واوبكرێت بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی به‌غدا و واشنتن تایبه‌ت به‌ سیاسه‌تی دارایی ئیمزایانكردووه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی و وه‌زیری دارایی عیراق له‌واشنتۆن به‌شدارییان له‌دیداری ساڵانه‌ی سندوقی دراو و بانكی نێوده‌وڵه‌تی كرد، له‌په‌راوێزی دیداره‌كه‌شدا به‌رپرسانی هه‌ردوو دامه‌زراوه‌كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌فدی عیراق كۆبوونه‌وه‌و رایانگه‌یاند، پشتیوان و هاوكاری ئه‌و چاكسازیانه‌ ده‌بن !! كه‌به‌غدا بۆ جێگیركردنی نرخی دراو ده‌یگرێته‌به‌ر.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP