میقداد میری: بۆ پاراستنی لوتكه‌ی عه‌ره‌بی 600 ئەفسەرو کارمەند ئاماده‌كراوه‌

عێراق
18:37 - 2025-05-07


وەزارەتی ناوخۆی عیراق رێکارە ئەمنییەکانی بۆ کۆبونەوەی لوتکەی عەرەبی تەواوکردووە و بە 600 ئەفسەرو کارمەند لەگەڵ دانانی سێ هەزار کامێرا پارێزگاری لە بەشداربووانی لوتکەکە دەکات.

میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" لیژنەی باڵا هەموو رێکارەکانی پاراستنی میوانانی لوتکەی عەرەبی لە بەغدا تەواو کردووە، هەروەها پلانیش بۆ حاڵەتی لەناکاو دانراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد:" بۆ وەرگرتنی ئەزمونی پاراستنی میوانەکان، لیژنەی ئەمنی تایبەت بە پاراستنی لوتکەی بەغدا سەردانی بەحرەینیان کردووە".

لەبارەی ژمارەی هێزی ئەمنیی کە پارێزگاری لە بەشداربووانی لوتکەی عەرەبی لە بەغدا دەکەن، میقداد میری ئاشکرای کرد:" 600 ئەفسەر و کارمەند ئەرکیان پاراستنی کەسی وەفدە باڵاکان دەبێت، ئەمە جگە لەوەی چەندین ئەفسەر بە پلەی لیوا ئەرکی هەواڵگریی لە ئەستۆ دەگرن".

میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ لە کۆتایشدا رایگەیاند:" لە سەنتەری ئۆپەراسیۆنەکاندا سێ هەزار کامێرای چاودێری دانراوە، هەروەها بە فڕۆکەی جەنگی ئاسمانی بەغدا کۆنترۆڵ دەکرێت، بەڵام  هێز لە پایتەخت بڵاوناکرێتەوە و هیچ رێگایەکیش داناخرێت".

بڕیارە لە 17ی5ی2025، لوتکەی عەرەبی بە بەشداری سەرکردە و پادشای وڵاتانی عەرەبی لە شاری بەغدا بەڕێوەبچێت،  بانگهێشتنامەش ئاراستەی سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی کراوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP