دوای دەستگیرکردنی لە لایەن ئاسایشی دهۆکەوە بۆ نزیکەی دوو کاتژمێر، ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوه، دەست بەسەر چەند کەلوپەلێکیدا گیروە و دەڵێت شیانی هەیە هۆکاری دەستگیرکردنەکەی فشار بێت بە ئامانجی ڕێگریکردن لە هەوڵەکانی بۆ کردنەوەی ماڵپەڕێکی هەواڵی.
ئومێد بەرۆشکی بە دەنگی ئەمەریکای وتوه:" لەم چەند ڕۆژەی دواییدا سەرقاڵی دووبارە کردنەوەی ماڵپەڕێکی هەواڵی بووە و ڕایگەیاند، "هۆکاری دەستگیرکردنەکەی دیار نییە، چونکە هیچی نەگوتووە و نە لێکۆڵینەوەشی لەگەڵدا کراوە...هیچ تۆمەتێک نییە بەڵام دەشێت بەهۆی (ڕاست میدیا) وە بێت."
(ڕاست میدیا) ماڵپەڕێکی هەواڵی بوو بۆ گواستنەوەی هەواڵ لە دهۆک و ناوچەی بادینان کە ئومێد بەرۆشکی خاوەن ئیمتیازەکەی بوو و خاوەنی نزیکەی 10 کارمەند بوو بەڵام نزیکەی 6 مانگ لەمەوبەر داخرا.
ئومێد بەرۆشکی بە دەنگی ئەمەریکای وتووه: "هەرچەندە ئێمە مۆڵەتی کارکردنمان هەبوو لە لایەن سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بەڵام ئێمە خۆمان دامانخست چونکە [ئاسایشی گشتی هەولێر] پێیان وتین، 'ئەگەر وەکو ئێمە کاردەکەن کاربکەن گەرنا ڕێگەتان نادەین.' بۆیەش ئێمە بۆ دروستنەبوونی کێشە خۆمان دامانخست."
ڕۆژنامەنووسەکەی دهۆک ئاماژهی بۆئهوهشكردووه:" کاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە بەکاتی هەولێر لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێکی تری هاوڕێی بەناوی یاسر ئەبدولڕەحمان بۆ ماوەی نزیکەی کاتژمێر و نیوێک لە ئاسایشی دهۆک "دەستگیرکران" و دوای ئازادکردنیان کەلوپەلەکانیان بۆ نەگەڕێندرایەوە."
ئومێد بەرۆشکی ڕاشیگەیاندووه: "ئاسایش هەندێک سوکایەتی کرد...ئێمەیان لە ژورێک دانا کە لەناو ئاسایش بوو."
هەروەها دهڵێت: "ئازادکردنەکەمان بە کەفالەت نەبوو. ئێمەیان بردە ئەوێ بەبێ لێکۆڵینەوە و دواتر گوتیان، 'بڕۆنەوە چونکە هیچ شتێک نەبووە.' هیچ بەڵێننامەیەکیان پێ پڕنەکردینەوە تەنها شتەکانی ئێمەیان لا مایەوە کە بریتیبوون لە 3 کۆمپیوتەر و لاپتۆپێک و کامێرایەک."
لای خۆیەوە ڕەمەزان ئەرتەشی پارێزەری ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی هێزەکانی ئاسایشی بەوە تۆمەتبار کردووه کە دەستگیرکردنەکەیان پێشێلکاریی یاسا بووە.
ڕەمەزان ئەرتەشی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوه:"وا دیارە، ئەمڕۆ بەم شێوەیە چونەتە ماڵی کاک ئومێد بەرۆشکی ڕۆژنامەوان و دەستیانگرتووە بەسەر کەلوپەلە ڕۆژنامەوانیەکانی. دەبوایە بڕیاری دادگای بۆ دەرچووبایە و موختاری گەڕەکی لێ ئاگادارکرابایەوە و بەم شێوەیە چوبانە ماڵەکەی. ئاسا بەگشتی بە هیچ شێوەیەک ڕێگەنادات بەم شێوەیە کەسێک دەستگیر بکرێت."
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP