قوباد تاڵەبانی: پشكی هه‌رێم لە بودجە تێكەڵی ململانێی سیاسی نه‌كرێت

عێراق
15:49 - 2023-05-03


قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "ستراتیجمان خزمەتكردنی هاووڵاتیانە لە داهاتی وزە،  ناشمانەوێت ئەو پشكەی لە بودجەی عیراق بۆ هەرێم دێت تێكەڵی ململانێی سیاسی بكرێت و لایەنێك نەتوانێت سزای ناوچەیەك بەو پشكە بدات" وتیشی: "ناڕەزایی لەبارەی پرسی نەوت لە هەرێمی كوردستان هەیە و خەڵك مافی خۆیانە بزانن نەوت چۆن فرۆشراوە و داهاتەكەی چی لێكراوە".

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەمیانەی بەشداریكردنی لە دیداری عیراق بۆ سەقامگیری و بوژاندنەوە لە بەغدا رایگەیاند: "عیراق و هەرێمی كوردستان پێویستیان بە هەناردەی نەوت و غاز هەیە، لە هەمانكاتیشدا پێویستمان بە یاسایەك هەیە كە تایبەتبێت بە پرسی نەوت و غاز، بەڵام پێش هەناردەكردن پێویستە بیر لە پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی و سوود وەرگرتن لەو وزەیە بۆ كارەبای 24 سەعاتی بكەینەوە".

دەبێت لایەنەكان هاوكاربن لە هەناردەكردنی نەوت و غاز

"پێویستە سوود لەوكاتە وەربگرین وەك دەرفەتێك كە لە بەردەستماندا هەیە سەبارەت بە هەناردەی نەوت و غاز لە عیراقدا، هاوكات پێویستمان بەگەشەكردنی زیاترە بەستراتیجی نوێ، تا بتوانین هاووڵاتیانمان بكەینە پلە یەك و داهاتی وزە بۆ هاووڵاتیانی عیراق بێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەزانین كە كێشەی وزە لە شەو و رۆژێكدا چارەسەر ناكرێت، بەڵام گەشبینین بە داهاتوومان" قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.

لەبارەی هەڵوێستی لایەنەكانیشەوە سەبارەت بە پرسی نەوت و غاز جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد: "پێویستە لایەنەكان نییەتێكی راست و دروستیان هەبێت و هاوكاربن لە هەناردەكردنی نەوت و غاز، كە بێگومان لە پرسی بودجەشدا دەتوانن رۆڵێكی گرنگ ببینن و كۆدەنگی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دروستبكرێت".

ناڕەزایەتی سەبارەت بە پرسی نەوتی هەرێم هەیە
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكرد: "چەندین جار لە چاوپێكەوتنەكاندا رامگەیاندووە من لام گرنگ نییە كێ نەوت دەفرۆشێت، بەڵام گرنگە چۆن نەوت دەفرۆشین و داهاتەكەی چی لێدەكرێت، كەمەبەستم لێی شەفافیەتە لە خەرجی و داهاتدا، هاوكات پشتیوانی رێككەوتنی نێوان هەرێم و عیراق لەبارەی پرسی نەوت دەكەین و سۆمۆ بەرپرسیارە لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان".

سەبارەت بە پرسیاری یەكێك لە میوانەكان كە لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و داهاتەكەی، قوباد تاڵەبانی لە دیداركەدا رایگەیاند: "نایشارمەوە سەبارەت بە پرسی نەوت ناڕەزایی لە هەرێمی كوردستان هەیە، خەڵكی هەرێمی كوردستان مافی خۆیانە بزانن نەوت چۆن فرۆشراوە و داهاتەكەی چی لێكراوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەمەوێت ئەو راستییەش بڵێم كە چەند ساڵێكە هەرێمی كوردستان بودجەی نییە، لەكاتێكدا بودجە بڕبڕەی پشتی شەفافیەتە لە داهات و خەرجیدا".

هەر سەبارەت بە پرسیاری یەكێكی دیكە لەمیوانەكان لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەی عیراق قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: "پشتیوانی لە پڕۆژەیاسای بودجە دەكەم و دەمانەوێت لە بودجەی عیراقدا تەواوی ماف و شایستە داراییەكانی كوردستان پارێزراوبێت، بەڵام گرنگیشە لامان ئەو پشكەی بۆ كوردستان دێت لە هەرێمی كوردستان تێكەڵی ململانێ سیاسییەكان نەكرێت و لایەنێك نەتوانێت سزای ناوچەیەك بەو پشكە بدات، بەپێچەوانەوە دەمانەوێت هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لە پشكی هەرێم لە بودجەی عیراق سوودمەندبن".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP