یانه‌ی تۆتنهام به‌دوای ناسنامه‌ی خۆی ده‌گه‌ڕێت
یانه‌ی تۆتنهامی له‌نده‌نی له نغرۆبوندایه و ده‌یه‌وێت هه‌ر چۆنێك بێت ناسنامه‌ی خۆی به‌ده‌ست بهێنێته‌وه، دوای دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌نتۆنیۆ كۆنتی ئیتاڵی له پۆستی راهێنه‌رایه‌تی كردنی تیپه‌كه له مانگی ئاداری ئه‌مساڵدا، ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌ی تۆتنهام تا ئێستا نه‌یانتوانیوه جێگره‌وه‌یه‌كی باش یاخوود راهێنه‌رێكی شیاو ده‌ستنیشان بكه‌ن تا بتوانێت پارێزگاری له شووناسی سپێرز بكات
دوای ده‌ركردنی كۆنتی ئیتاڵیا له یاریگای یانه‌كه، ده‌سته‌ی كارگێڕی سێ راهێنه‌ری لاو و پڕ خواستیان دیاری كرد تا ئه‌ركی یانه‌ی تۆتنهامی پێ بسپێرن، به‌ڵام هه‌ر سێ راهێنه‌ره‌كه‌ش مانه‌وه‌ی خۆیان له ریزی یانه‌كانیان دووپات كرده‌وه كه بریتیبوون له چاڤی ئه‌ڵۆنسۆ راهێنه‌ری یانه‌ی بایرلیڤه‌ركوزنی ئه‌ڵمانی و ڤینیسنت كۆمپانی راهێنه‌ری یانه‌ی بێرنلی و هه‌روه‌ها ئه‌رنی سلۆت راهێنه‌ری یانه‌ی فاینۆرد رۆتردامی هۆڵه‌ندی..
له ئێستاشدا یانه‌ی تۆتنهام ناوی سێ راهێنه‌ری نوێ ده‌پاڵێوێت بۆ گرتنه ده‌ستی ئه‌ركی مه‌شقدانه‌وه‌ی یانه‌كه. یه‌كێك له‌و سێ راهێنه‌ره‌ی كه به‌ربژێرن پۆستیگۆلۆی ئوسترالیه كه ئه‌ركی مه‌شقدانه‌وه‌ی یانه‌ی سێڵتێكی سكوتله‌ندی له ئه‌ستۆدایه و له هاوینی رابردووش‌دا هه‌ردوو نازناوه ناوخۆیه‌كه‌ی ووڵاتی سكوتله‌ندای بۆ یانه‌ی سێڵتێك ده‌سته‌به‌ر كرد و بۆ ئه‌مساڵیش نازناوی خوله‌كه‌ی له هه‌گبه‌ی تیپه‌كه‌یدا هێشته‌وه
یه‌كێك له‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی كه وا ده‌كات پۆستیگۆلۆ له‌گه‌ڵ سپێرز سه‌ركه‌وتو بێت، خۆشه‌ویستیه‌كی له راده‌به‌ده‌ر بۆ هانده‌رانی ئه‌و تیپه‌ی كه ئه‌ركی راهێنانی له ئه‌ستۆ ده‌گرێت.. جیاله‌وه‌ش ئه‌و راهێنه‌ره ئوسترالیه هیچ كات سڵ له رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی یانه گه‌وره‌كان ناكاته‌وه
رۆبن ئه‌موریم، ناوێكی تازه ده‌ركه‌وتووی یاریگاكانی ئه‌وروپایه و ته‌مه‌نی 38 ساڵه و گه‌وره‌ترن ئه‌زموونی له كاره‌كه‌ی خۆیدا، سه‌ركردایه‌تی كردنی یانه‌ی سپۆرتینگ لیشبۆنه‌ی پرتوگالیه، شاره‌زایان پێیان وایه گرێبه‌ست كردن له‌گه‌ڵ ئه‌موریمی لاو سوودی زۆر ده‌بێت بۆ یانه‌ی تۆتنهامی له‌نده‌نی، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر له پرۆژه نوێیه‌كه‌ی یانه‌ی تۆتنهام ده‌ست كراوه بكرێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئیداره و هانده‌رانی یانه‌كه پاڵپشتی لێ بكه‌ن و كاتی پێویستی پێ بده‌ن
دواین كه‌سایه‌تی كه له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆی ئیداره‌ی یانه‌ی تۆتنهامدایه، لویس ئینریكی ئیسپانی و راهێنه‌ری پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی ووڵاته‌كه‌ی خۆیه‌تی، ئینریكی تا راده‌یه‌كی زۆر كه‌سێكی گوونجاو ده‌بێت بۆ یانه‌ی تۆتنهام، چوونكه خاوه‌ن بیر‌و باوه‌ڕی خۆیه‌تی و ئه‌وه‌ی خۆی مه‌به‌ستی بێت جێبه‌جێ ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باكی به هیچ كه‌سێك نیه و ئاماده‌یه هه‌موان بكاته قوربانی له پێناو جێبه‌جێكردنی فه‌لسه‌فه‌كه‌ی خۆی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی رێگری له هاتنی ئینریكی ده‌كات، پارۆ چه‌وره‌كانی یانه‌ی پاریسی فه‌ره‌نسیه كه له ئێستاوه هه‌وڵه‌كانیان بۆ به‌ده‌ستهێنانی واژووی ناوبراو ده‌ستپێكردوه
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP