دیلان غەفور لەپێناو چارەسەری کێشەکانی تۆپزاوا و سەرگەڕان سەردانی سەرۆک کۆمار دەكات

عێراق
20:56 - 2023-06-05

پەرلەمانتار دیلان غەفور سەردانی سەرۆک کۆماری عێراق دەكات و گفتوگۆ لەسەر چارەسەری کێشەکانی سنوری پارێزگای کەرکوک بەتایبەت زەوییەکانی تۆپزاوا و سەرگەڕان دەكەن .

پەرلەمانتار دیلان غەفور لەپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی:

ئەمڕۆ سەردانی فەخامەتی د.لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عێراقمان کرد، بەمەبەستی بەدواداچوونی کێشەکانی سنوری پارێزگای کەرکوک بەتایبەت زەوییەکانی تۆپزاوا و سەرگەڕان.

لەگەڵ فەخامەتیان بەوردیی گفتوگۆمان لەسەر چارەسەری کێشەکان کرد کە بە ھەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی سەردەمی ڕژێمی بەعس دەکرێت، لە سەرۆکایەتی کۆمار کاری جددی دەکرێت لەسەر پڕۆژە یاسایەک بۆ ھەڵوەشانەوەی ئەو بڕیارانەو ئێستا لە قۆناغی ئامادەکردنی پڕۆژەیاساکەدان تا بنێردرێتە پەرلەمان و پەسەند بکرێت.

دانیشتوانی خۆشەویستی تۆپزاوا ئاگادار دەکەین داواکەیانمان گەیاندووەتە سەرۆکایەتی کۆمارو وەزارەتی بەرگریی بە مەبەستی ڕاگرتنی ئەو کارانەی لەسەر زەوییەکانیان دەکرێت، ئەو زەوییانە لە ساڵی ١٩٧٥ لە کوردو تورکمان وەرگیراونەتەوەو بەشێکیان بە بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی ڕژێمی بەعس خراونەتەسەر وەزارەتی بەرگریی، پشت بەستوو بە بڕگەی سێیەم لە ڕێنمایی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە گواستنەوەی موڵکەکانی وەزارەتی بەرگریی ھەڵوەشاوە بۆ وەزارەتی بەرگریی ئێستا، گواستنەوەکە موڵکەکانی تۆپزاوا ناگرێتەوە، ھەربۆیە داوامان لە وەزارەتی بەرگریی کردووە کارەکانیان بوەستێنن کە دەیانەوێت دەستبەسەر ئەو زەوییانەدا بگرن بە پاساوی ئەوەی موڵکی ئەوانە.

دیلان غەفور، پەرلەمانتاری یەکێتی
نوێنەری کەرکوک لە پەرلەمانی عێراق

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP