حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان، له گەلەری هونەری مۆدێرن لە مۆسکۆ، پێشانگه‌یه‌كی شێوه‌كاری بۆ شه‌ش هونه‌رمه‌ندی كوردی ڕووسیا كرده‌وه.
له پێشانگهكهدا ژماره‌یه‌ك به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندانی كوردی ڕووسیا نمایشكرا، كه تایبه‌ت بوون به لایه‌نه‌كانی ژیان و كولتووری كورد له ڕووسیا.
ژماره‌یه‌ك له هاووڵاتیانی ڕووسی و به‌شێك له هاووڵاتیانی كوردی ڕووسیا له مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی پێشانگهكهدا ئاماده‌بوون.
له‌و میانه‌یه‌دا، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان ستایشی هونه‌ر و خزمه‌تی هونه‌ریی هونه‌رمه‌ندانی كوردی ڕووسیای كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن.
یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی به‌شداری له پێشانگهكهدا كردبوو، ڕایگه‌یاند، ڕاسته كورد وه‌ك نه‌ته‌وه، ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی نییه، به‌ڵام هه‌موومان شانازی به هه‌بوونی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌كه‌ین، كه وه‌ك پشت و په‌نای خۆمان و ناسنامه‌ی كولتووری و فه‌رهه‌نگیمان ده‌یبنین.
هونه‌رمه‌نده به‌شداربووه‌كان داوایان كرد، له‌مه‌ودوا له هه‌رێمی كوردستان ده‌رفه‌ت بڕه‌خسێنرێت، ئه‌وانیش به كار و به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانیان به‌شداری له چالاكییه هونه‌رییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان به‌ڵێنی پێدان هه‌موو ئاسانكارییه‌ك بكات بۆ ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندانی كوردی تاراوگه به گشتیی و هونه‌رمه‌ندانی كوردی ڕووسیای فیدڕاڵ به تایبه‌تی بتوانن به‌رهه‌م و چالاكییه هونه‌رییه‌كانیان له هه‌رێمی كوردستان نمایش بكه‌ن.
حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، دووپاتیكرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان ماڵی هه‌موو كوردێكه و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانیش به ئه‌ركی خۆی ده‌زانێت، هاوكار و پشتیوانی هونه‌رمه‌ندانی كورد بێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP