ئه‌و تیپه‌ی كچانی ڕووس، كه له ئۆڵۆمپیادی باڵتیك بۆ سه‌ما و هه‌ڵپه‌ڕكێی كولتووری، تابلۆیه‌كی هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردی‌یان نمایش كرد، خه‌ڵاتی دووه‌می ئۆڵۆمپیادیان پێ به‌خشرا.
ئۆڵمپیادی باڵتیک بۆ سه‌ما و هەڵپەڕکێ، له (19 تا 22ـی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2023) له شاری "سان پترسبۆرگ"ـی ڕووسیا به‌ڕێوه‌چوو.
له 8 وڵاتی جیهانه‌وه زیاتر له 2 هه‌زار و 500 كه‌س به‌شداریان له خولی هه‌شته‌می ئۆڵۆمپیادهكهدا كرد.
له چوارچێوه‌ی چالاكییه‌كانی ئۆڵۆمپیادهكهدا پێشانگه‌یه‌كی تایبه‌ت به سه‌ما به ناوی "Dance EXPO" كرایه‌وه.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجی ئاماده‌بووان و لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگێنه‌ری ئۆڵۆمپیاده‌كه بوو، ئه‌و تابلۆ هونه‌رییه كوردییه بوو، كه تیپێك له كچانی ڕووس پێشكه‌شیان كرد و به هۆیه‌وه توانیان پله‌ی دووه‌می ئۆڵۆمپیاده‌كه به‌ده‌ستبهێنن.
تیپه هونه‌رییه‌كه‌ی كچانی ڕووس، پێشتر له لایه‌ن حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه له چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ مۆسكۆ و به‌شداریكردنی له سێیه‌م وه‌شانی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی كوردی مۆسكۆ، خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی وه‌زاره‌تی پێ به‌خشین.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP