سه‌رۆك كۆمار جه‌خت له‌ پتەوکردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیی ده‌كاته‌وه‌

جیهان
15:07 - 2023-11-11



دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆمار، لە پەراوێزی کارەکانی کۆنگرەی لوتکەی عەرەبی لە شاری ریاز، له‌گه‌ڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆمار سوریا كۆبوه‌وه‌و جه‌ختی له‌ پتەوکردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و پشتیوانیکردنی گەلی فەلەستین بۆ بەدەستهێنانی مافی ره‌وای خۆی له‌ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ كرده‌وه‌.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک کۆماری کۆماری عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌ ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كردووه‌:" ئەمڕۆ شەممە 11-11-2023 ، دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆمار، لە پەراوێزی  کارەکانی کۆنگرەی لوتکەی عەرەبی لە شاری ریاز، چاویكه‌وت بە بەشار ئەسەد سەرۆک کۆمارسوریا"

 باسی له‌وه‌شكردووه‌:" له‌ دیداره‌كه‌دا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنییەتی پەرەپێدانیان و دوایین پێشهاتەکان لەسەرئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و بارودۆخی فەلەستین و دەرهاویشتەکانی دەستدرێژی بۆ سەر کەرتی غەزە، تاووتوێ کران."

رایگه‌یاندووه‌:"سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەسەر پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان عیراق و سوریا و پێویستی پەرەپێدانی هاریکاری لە هەموو بوارەکاندا بە شێوەیەک، کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو گەلی برا بکات، هەروەها گرنگی بەردەوامبوونی پێکەوە کارکردنی بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و توندڕەوی، دوپاتکردەوە."

هه‌ر به‌ پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:" لە دیدارەکەدا د.له‌تیف ره‌شید ئاماژەی بە بایەخی هەماهەنگی و راوێژ کرد سەبارەت بە پرسەکانی جێی بایەخی هەردوولا لەپێناو پتەوکردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و هاوکات هەڵوێستی عیراقی لە پشتیوانیکردنی گەلی فەلەستین بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین، کە قودسی پیرۆز پایتەختەکەی بێت، دوپاتکردەوە."

ئه‌وه‌شیخستووه‌ ڕو كه‌:"هەردوو سەرۆک بە توندی سەرکۆنەی دەستدرێژییەکانیان کرد بۆسەر غەزە، کە خەڵکی سڤیل و نەخۆشخانەکان دەکرێنە ئامانج، جەختیشیانکردەوە لە پێویستی دەستبەجێ راگرتنی بۆردومانەکان و پاراستنی خەڵکی سڤیل و دڵنیابوون لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بە خێزانە گەمارۆدراوەکان و دابینکردنی ڕێڕەوی ئارام بۆیان."

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌:" سەرۆک کۆماری سوریا هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەکەی لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی عیراق بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەری وڵاتەکەی دەربڕی و ئاماژەیکرد بە ویستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و هاریکاری و هەماهەنگی لە بوارە جیاجیاکاندا، ستایشی هەڵوێستەکانی عیراقیشی کردووه‌ بۆ پشتیوانیکردنی لە گەلی سوریا."

نوسینگه‌ی راگەیاندنی سەرۆک کۆمار ده‌شڵێت:"لە دیدارەکەدا فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عیراق و دکتۆر ئەیمەن سوسان بریکاری وەزیری دەرەوەی سوریا ئامادەبون".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP