قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی باڵای سەربازی بەریتانیا کۆبووەوە

کوردستان
17:54 - 2023-11-22



قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی کرد لە وەفدێکی باڵای سەربازی بەریتانیا بە سەرۆکایەتی مارشاڵ سامی سامپسۆن، گەورە راوێژکاری بەرگریی بەریتانیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسی جێگەی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە، ٢٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣ لە هەولێر بەڕێوەچوو و کونسوڵی گشتیی بەریتانیاش بە وەکالەت ئامادەی بوو، باسی دۆخی ناوخۆی هەرێم و پرۆسەی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە کرا. جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند لێکتێگەیشتنی باش دروست بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆبوونەوەکانی ئەم دوایەی نێوان هەردوو لایەنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئەرێنی بوون. 

ئاماژەی بەوەشدا هەنگاوەکان بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگەن و گەشبینین بەم نزیکانە بە تەواوی کێشەکانی وەزارت بە هاوکاری و پشتیوانی هەموو لایەک چارەسەر بکرێن و ئەمەش رەوتی چاکسازییەکان لە هێزەکانی پێشمەرگە خێراتر دەکات. 
لەمبارەیەوە وەفدی باڵای سەربازی بەریتانیا پشتگیری خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش بۆ بەردەوامیی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ئەمنی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان کرا. هەردوولا جەختیان کردەوە کە پێویستە حکومەت و لایەنە عێراقییەکان هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ رێگریکردن لە هەرچەشنە هەنگاو و جوڵەیەک کە ببێتە هۆی بارگرژی و ناسەقامگیری لە عێراقدا. هەردوولاش هاوڕابوون کە مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP