پەیامی ئەمرۆ: دەنگی کورد بە هەدەر نەدەین
دەنگدەران بە دەنگەکانیان دەتوانن هێز و ئیرادەی خۆیان بەرجەستە بکەن و شێوەی حکومڕانی لە کەرکوک دیاری بکەن.
ئیدارەی ئێستای کەرکوک ئیدارەیەکی ناکارا ، گەندەڵ و خۆسەپێن، جیاکار و شۆڤێنی و شپرزەیە لە هەموو رووییەکەوە.
ئیدارەیەکە تێیدا کورد ،کە زۆرینەی دانیشتوانە ، بێ رۆڵ و بێ بەشدارییە، تورکمان و مەسیحی و تەنانەت عەرەبی رەسەنیش لەقاودراون لە چاو عەرەبی تەعریب بە کۆن و نێویانەوە. هیچ سەنگیان نەماوە . بە کورتی ئیدارەیەکە گوزارشت لە ئیرادەی خەڵکەکەی ناکات. ئیتر ئەم ئیدارەیە بۆچی باشە؟ بۆ ئەوە نەبێت. کە بە دەنگ و دیموکراسیی رایماڵین و ئیدارەیەکی هەمەڕەنگ و ئیئتلافی بە سەرۆکایەتی پارێزگارێکی کوردپەروەر و کەرکوکیپەروەر بخەینە جێگەی؟
ئەم ئەرکە دیموکراتییە ، نەتەوەییە، نیشتمانییە، کەرکوکییە هەر بە خۆمان دەکرێت. هەر بە دەنگدان و دەنگ دابین کردن و دەنگ کۆکردنەوە دەکرێت.
جا هەڵبژاردن پرۆسەیەکی ژیرانەیە، هۆنینەوەی ورد و لەسەر خۆی دەنک دەنک مرواری دەنگەکانمان، دانە دانە و قلە قلەی هەناری دیموکراتییە تا نەرژێ و نەکەوێ و نەفلیقێتەوە لە ژێر پێی قەرەباڵەغی لیستەکاندا .ئەرکی واش هەر چوونە سەر سندوقی دەنگدان نییە، بەڵکو ژیری و زیرەکی بە هەدەرنەدانی دەنگەکانی کورد و دەنگەکانی دیموکراسییە.
ئەمەش هەر بە (هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) دەکرێت.
تەنها ئەم هاوپەیمانییە دەنگەکانمان نافەوتێنێ و خەساری ناکات.
حەیفە بەناوی جیاجیاوە دەنگی زێرینی دەنگدەری کورد بە هەدەر بدرێ و بکەوێتە ژێرپێی قاسمی جەمع و تەرحەوە و بەس نەیاران کەڵکی لێوەر بگرن
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP