ئه‌مریكا فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی عێراقی سزادا

جیهان
20:13 - 2024-01-22


وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە تۆمەتی هاوکاریکردنی بزوتنەوەی حەماس و فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، سزای بەسەر (بەشیر شەبانی) سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای فلای بەغدادا سەپاند.

ئاژانسی رۆیتەرز ئاشكرایكرد، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بە تۆمەتی هاوکاریکردن و پشتیوانیكردنی بزوتنەوەی حەماس و فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، به‌ پارەی کاش و دراوی ئەلیکترۆنی، سزای بەسەر کۆمپانیای فڕۆكه‌وانیی "فلای بەغدا" سەپاندوە. 

بڕایان نیلسن، جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ کاروباری تیرۆر و دارایی هەواڵگریی ئەمەریکا ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكردووه‌:"ئێران و لایه‌نه‌ چه‌كداره‌ نزیکه‌كانی هەوڵیانداوە لەرێگەی بازرگانیکردنەوە ئابووری ناوچەکە بشێوێنن و هاوکاری دارایی بۆ ئه‌نجامدانی هێرشەکانیان دابینبکەن.

  لەبارەی کۆمپانیای فلای بەغداوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بۆئەوەشکردووە، "فلای بەغدا چەندین ساڵە پاڵپشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی فەیلەقی قودس و گروپەکانی نزیکی ده‌كات و چەک و تەقەمەنی بۆ فڕۆکەخانەی دیمەشق ده‌گوازێتەوە تا بیگەیێنێتە فەیلەقی قودس و گروپەکانی نزیکی."

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا پێشتر یەکێتی ئەوروپاش چه‌ند سزایه‌كی بەسەر فلای بەغدا و چەند کۆمپانیایەکی دیکەی فڕۆکەوانیی عێراقدا سەپاندبو.
 
 هه‌ر به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا، واشنتۆن سزای بەسەر سێ سەرکردەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵاو ژمارەیەک کۆمپانیادا سەپاندووە کە هاوکاری داراییان بۆ کەتایبەکانی حیزبوڵڵا کۆکردوەتەوە و دابینکردووە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP