قوباد تاڵەبانی بەدواداچوونی بۆ پڕۆژە گەشتیارییەکانی سەرچنار کرد

کوردستان
15:49 - 2024-02-18


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی راسپارد بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاسانکاری تەواو بکەن بۆ وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت تا هەرچی زووتر پرۆژە گەشتیارییەکانیان جێبەجێ بکەن.

رۆژی یەک شەمە ١٨ی شوباتی ٢٠٢٤، قوباد تاڵەبانی بە یاوەری ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی کرد. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە خاتوو شاناز عامر بەدران وەک بەڕێوەبەری نوێی گەشتوگوزاری سلێمانی کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێیەکەیدا بۆ خواست.

دواتر لە چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی پڕۆژە گەشتیارییەکانی کۆڵییەوە و رایسپاردن لەگەڵ فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە هەماهەنگی زیاتر بکەن بۆ ئاسانکاریکردنی تەواو بۆ وەبەرهێنەران تا هەرچی زووتر پڕۆژە گەشتیارییەکان جێبەجێ بکەن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران باسی لە گرنگیی پڕۆژەی گەشتوکاڵ کرد و ئاماژەی بەوەدا ئێستا پڕۆسەکە بۆتە پڕۆگرامی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان و دەبێتە پالپشتێکی گرنگ بۆ بەرەوپێشبردنی هەردوو کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵ و دواجار وەک کەرتێکی نوێ دەبێتە هۆی  زیاد کردنی سەرچاوەکانی داهات و رەخساندنی هەلی کاری زیاتر لە کەرتی تایبەتدا. داواشیکرد بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ هەماهەنگی تەواو بکەن بۆ سەرپێخستن و پەرەپێدانی ئەم کەرتە لە کوردستان.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، سەردانی زۆنە گەشتیارییەکانی سەرچناری کرد کە بڕیارە چەند پڕۆژەیەکی گرنگی گەشتیاری تێدا جێبەجێ بکرێت. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری راسپارد بە خێرایی ئاسانکاری تەواو بکەن بۆ وەبەرهێنەرانی پڕۆژە گەشتیارییەکانی سەرچنار تا هەرچی زووتر پڕۆژەکانیان جێبەجێ بکەن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP