قوباد تاڵەبانی سەردانی کونسوڵخانەی ئیماراتی کرد

کوردستان
12:31 - 2024-02-28



قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران سەردانی کونسوڵخانەی ئیماراتی کرد و لەلایەن ئەحمەد ئیبراهیم ئەلزاهیری، کونسوڵی گشتیی ئیماراتەوە پێشوازی لێکرا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە ( ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٤) بەڕێوەچوو، هەردوولا بە گرنگییەوە باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا کرد. قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە ئەزمونی سەرکەوتووی گەشەسەندنی ئیمارات کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ سودوەرگرتن لە ئەزمونی گەشەسەندنی ئەو وڵاتە لە بوارە جیاوازەکاندا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە چۆنییەتی کاری پێکەوەیی کرا بۆ هاندانی وەبەرهێنەرانی ئیماراتی تا ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە هەموو جۆرە کارئاسانییەک پێشکەشی وەبەرهێنەرانی ئیماراتی بکات بە تایبەتیش لە بوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا. 

لە تەوەرەێکی دیکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و دواین پێشهاتەکان تاوتوێ کران. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا هەوڵەکانمان بەو ئاراستەیەدان کە هەموو کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەشێوەیەکی بنەڕەتی بەپێی دەستور چارەسەر بکرێن.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیش کە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند: نابێت لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوا بکەوێت و پێویستە لەو وادەیەی کە بڕیارە بەم نزیکانە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە دیاری بکرێت، هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد و دادپەروەرانە بەڕێوەبچێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP