دادگای فیدڕاڵی سكاڵایه‌كی تایبه‌ت به‌ دابینكردنی نه‌وتی سپی بۆ هه‌رێم تاوتوێده‌كات

عێراق
11:56 - 2024-03-06

هه‌فته‌ی داهاتوو دادگای فیدڕاڵی سكاڵایه‌كی تایبه‌ت به‌ ناردنی نه‌وتی سپی بۆ هه‌رێمی كوردستان تاوتوێده‌كات.
سكاڵاكه‌ له‌لایه‌ن نه‌هرۆ مه‌حمود جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران تۆماركراوه‌و تیایدا داوایكردووه‌ بڕیارێكی حكومه‌تی فیدڕاڵ به‌ ناده‌ستوری له‌ قه‌ڵه‌م بدات كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ دابینكردنی نه‌وتی سپی بۆ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان به‌ بڕی ٢٥٠ دینار بۆ هه‌ر لیترێك.
له‌ پارێزگاكانی دیكه‌ی عیراق، هه‌ر خێزانێك نه‌وتی سپی به‌ ١٥٠ دینار بۆ هه‌ر لیترێك لێ وه‌رده‌گرێت، به‌گوێره‌ی بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌تی عیراقیش له‌ ٣١ـی ئه‌م مانگه‌ به‌دواوه‌ پێدانی نه‌وتی سپی به‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ ٥٠٠ دینار بۆ هه‌ر لیترێك زیاد ده‌كرێت.
له‌ سكاڵاكه‌دا داواشكراوه‌, دادگای فیدڕاڵی حكومه‌ت پابه‌ندبكات به‌ ره‌چاوكردنی بنه‌مای یه‌كسان بۆ دابینكردنی پێداویستی هاووڵاتیان و به‌هه‌مان نرخی پارێزگاكانی دیكه‌ی عیراق، نه‌وتی سپیش به‌ ١٥٠ دینار بۆ هه‌ر لیترێك بۆ هه‌رێمی كوردستان دابینبكات.



بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP