وه‌فدێكی باڵای توركیا سبه‌ینێ‌ ده‌گاته‌ به‌غدا

عێراق
19:41 - 2024-03-13


بڕیاره‌ سبەینێ پێنجشەممە 14ی ئادار 2024 وه‌فێكی باڵای توركیا  كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ هه‌ردوو وەزیری دەرەوەو بەرگریی و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا(میت) بگه‌نه‌ به‌غداو له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراق كۆببنه‌وه‌و پرسی هێرشه‌ فراوانه‌كه‌ی سوپای توركیا له‌ وه‌رزی هاوین بۆسه‌ر ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی توركیا بۆ عێراق تاوتوێ‌ بكه‌ن.

له‌و باره‌یه‌وه‌ ئۆنجو کەچەلی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاندووه‌:" سبەینێ‌ لوتکەی ئەمنیی نێوان عێراق و تورکیا لە بەغداد بەڕێوەدەچێت و بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەش هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) سەردانی بەغداد دەکەن."

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ به‌رپرسانی باڵای سه‌ربازیی و سیاسی توركیا، چەند مانگێکە باس له‌ ئامادەکاریی بۆ ئۆپراسیۆنێكی نوێی سەربازیی فراوان بۆسەر ناوچه‌كانی هەرێمی کوردستان ده‌كه‌ن.

سەردانەکەی وەفدی باڵای تورکیا بۆ بەغداد دوو ئامانجی هەیە، یەکەمیان بەهێزکردنی هەماهەنگییەکانی عێراق و تورکیایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان و بەدەستهێنانی پشتیوانیی بەغدادو هەولێرە بۆ ئۆپراسیۆنە چاوەڕونکراوەکەی سوپای تورکیا، ئامانجی دووەمیش ئامادەکارییە بۆ سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کە بڕیارە مانگی داهاتوو سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP