شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا: بۆ بەشدارییەکی کاراتر لە کایەی سیاسیدا دەرفەتی زیاتر بۆ ژنان بڕەخسێندرێت

کوردستان
15:37 - 2024-04-01


ئەمڕۆ دووشەممە 1ی نیسان، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی  بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بارەگای ئەنجومەن لەگەڵ لێپرسراو و کادرانی کۆمیتەی رێکخستنی 3ی ئازادی سەر بەمەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، لێپرسراوی کۆمیتە، لە وتەیەکدا بەناوی سەرجەم ئەندامان و کادیرانی کۆمیتەکەیانەوە پیرۆزبایی لە هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا کرد، بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک  لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. دواتر کۆرتەیەکی لەسەر کارو چالاکییەکانی کۆمیتەکەیان پێشکەشکردو چەند سەرنج و داخوازییەکی خستەڕوو.

لەبەرانبەردا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ستایشی ئەرک و ماندووبوونی کادرانی کۆمیتەی ئازادی کرد و ئەوەی خستەڕوو کە دانیشتوانی سنووری گەڕەکی ئازادی و دەوروبەری ناوچەیەکە خوێنیان بەخشیووتەوە ئەم نیشتمانە و بەشێکن لە خانووە قوڕەکان و زۆر ماندووبوون لە شۆڕشدا و شەهیدی زۆریان پێشکەش بە خاک و نیشتمان کردووە، جگە لەوەش پێشمەرگەو زیندانی سیاسی و خەڵکی تێکۆشەریان هەیەو شیاوی ئەوەن بەباشترین شێوە خزمەتبکرێن.

پاشان، تیشکی خستەسەر گرنگی و ئەرکی رێکخستنەکان، بەوپێەی ئەوان بەرکەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک هەیە و، پێویستە لە نزیکەوە ئاگایان لە خواست و داخوازییەکانیان بێت و کاری جددی بکەن بۆ دەمەوەچوونی گرفتەکانیان و هەوڵی چارەسەرکردنیان بدەن. وتیشی: پێویستە نەک هەر لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، بەڵکو هەمیشە سەردانی خەڵک بکەن و ئاگاتان لە پێویستی و مەینەتییەکانیان بێت.

لەبەشێکی تری قسەکانیدا، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مسەفا، بەگرنگیەوە باسی لە پێگەو نەخشی زانایانی ئاینی کرد لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەماندا و پەیگیری لەوەکرد کە پیاوانی ئاینی لە رابردوو و ئێستاشدا رۆڵی جوامێرانەیان هەبووەو هەیە لە پاڵپشتیکردنی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان و فاکتەرێکیشن بۆ سەقامگیری و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیدا.

هاوکات باسی لە رۆڵی لەمێژینەی ژنان کرد لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا و تێڕوانینی یەکێتی بۆ ئامادەبووان سەبارەت بەو بابەتە دووپاتکردەوە کە پێویستە ژنانی کوردستان دەرفەتی زیاتریان بۆ بڕەخسێندرێت بۆ ئەوەی بەشدارییەکی کاراتر بکەن لە کایەی سیاسیدا.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم جۆرە کۆبوونەوەو دیدارانە دەربڕی و ئامادەیی خۆی و ئەنجومەنی نیشاندا بۆ کارکردن لەپێناو جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP