مەکتەبی سیاسی لە یادی کارەساتی ئەنفالدا پەیامێكی بڵاوكرده‌وه‌

کوردستان
16:34 - 2024-04-13


مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ساڵیادی كاره‌ساتی ئه‌نفالدا په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌.
ده‌قی په‌یامه‌كه‌:
٣٦  ساڵ لەمەوبەر گەلەکەمان لەسەر دەستی رژێمی  ستەمکاری بەعس لەژێر تایتڵی ناڕەوای  (ئەنفال) دا بە هەشت قۆناغ  رووبەڕوی دڕندانەترین تاوانی کۆمەڵکوژی بۆوە کە سەرەڕای کۆمەڵکوژی وبێ سەروشوێنکردنی ١٨٢٠٠٠ منداڵ وگەنج و پیری کورد، گشت سیمایەکی ئاوەدانیشی لە نزیکەی پێنج هەزار گوند و شارۆچکەی ناوچەکانی ئەنفالدا سڕییەوە .

کارەساتی  ئەنفال برینێکی وەهای لەسەر دڵمان و لە کۆهزری گەلەکەمان دروستکرد کە ئازارێکی نەبڕاوەیە و بۆ سارێژی ئەو برینە قووڵە ،بۆ سڕینەوەی شوێنەوارەکانی ئەو کارەساتە ناخهەژێنە، پێویستە هەموو لایەکمان لە حکومەتی هەرێم  وحکومەتی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران بەوپەڕی لێپرسراوێتییەوە  هەوڵەکانمان چڕتڕ بکەینەوە بۆ خزمەتکردنی هەمەلایەنە و زیاتری زیانلێکەوتوانی  ئەو کارەساتە.

هەرچەندە لە ساڵی ٢٠٠٨ وە دادگای باڵای تاوانەکان لە عیراق کەیسی ئەنفالی وەک تاوانی جەنگ و  دژە مرۆیی  ناساندوە ،  بەڵام قەبارەی تراژیدیاکە و  دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی  ئەنفال، پێویست دەکات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دیسان  وەک تاوانی قڕکرنی بە کۆمەڵ و جینۆساید بناسرێت و گەلی کوردستانیش بە دابینکردنی تێکڕای مافە دەستورییەکانی بۆ یەکجاری لە ئایندەی خۆی دڵنیا بکرێتەوە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەو ئامانجانەی سەرەوە بێ درێغ لە خەباتدا دەبێت


ـ درود بۆ رۆحی قوربانیانی   کۆمەڵکوژی ئەنفال ، سڵاوی ئەمەک و وەفاداری بۆ خۆراگریی کەسوکاری ئەنفالکراوان .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP