قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە دووەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ گەرمیان، لەگەڵ جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنوورە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە ( ١٥ی نیسانی ٢٠٢٤) لە کەلار بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران بەرپرسانی ئیدارەی گەرمیانی راسپاد رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ ئاسانکاری زیاتر لە جێبەجێکردنی کاروباری هاوڵاتییان و خزمەتکردنی باشتری دانیشتووانی دەڤەری گەرمیان. وتیشی: لەپێناو باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتییاندا لە هەر کاتێکدا بە پێویستی بزانن گۆڕانکاری لە پۆستە ئیدارییەکانی سنوورەکەدا دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا لەپێناو بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و هاندانی زیاتری وەبەرهێنەران، دەبێت لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی گەرمیان ئاسانکاری تەواو بۆ وەبەرهێنەران بکرێت و رۆتین کەم بکرێتەوە. وتیشی نەک هەر دەبێت ئاسانکاری تەواو بۆ وەبەرهێنەرانی سنوورەکە بکرێت، بەڵکو پێویستە کاربکرێت هانی وەبەرهێنەران بدرێت لە ناوچەکانی دیکەشەوە رووبکەنە ئیدارەی گەرمیان و بەشداربن لە بووژانەوەی ئابوری لە سنوورەکەدا.
جێگری سەرۆک وەزیران بە بەرپرسانی ئیدارەی گەرمیان وت پلانێکی گونجاو بۆ پەرەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری ئامادە بکەن کە لەگەڵ ژینگە و تواناکانی سنوورەکەدا بگونجێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا پاش گوێگرتن لە داواکاری و کێشە و گرفتەکان، قوباد تاڵەبانی بڕیاریدا لەسەر چارەسەرکردنی بەشێک لە داواکارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئیدارەی گەرمیان.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP