پەرلەمان ١٦٦ ئەندامی بە بڕی یەک ملیۆن دینار سزادا

عێراق
16:10 - 2024-04-18

رۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی نوێنەران بەھۆی نەبوونی رێژەی یاساییەوە نەیتوانی کۆببێتەوە، بەوھۆیەش سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا سزای ملیۆنێک دینار بەسەر پەرلەمانتارانی ئامادەنەبوودا بسەپێنێت.

بڕیاربوو دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەران بیستەم دانیشتنی ئەم وەرزەی یاسادانان رێکبخات، بەڵام بەھۆی تەواو نەبوونی رێژەی یاسایی و ئامادەنەبوونی زۆرینەی پەرلەمانتاران دانیشتەکە ھەڵوەشایەوە و لەکۆی ٣٢٩ پەرلەمانتار ١٦١ پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەکە بوون، بۆ دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەبێت ١٦٥ پەرلەمانتار لە ھۆڵی کۆبوونەوەدا ئامادەبن.

راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویکردەوە، دوای ھەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکەی رۆژی چوارشەممە سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکەیان، فەرمانی بە فەرمانگەی دارایی کردووە بڕی یەک ملیۆن دینار لە موچەی ھەر پەرلەمانتارێک ببڕێت، کە لەدانیشتنی رۆژی ١٧ی نیساندا ئامادەنەبووە، کە ژمارەیان ١٦٦ پەرلەمانتار بووە. 

ھاوکات ئەنجومەنی نوێنەران ناوی تەواوی ئەو پەرلەمانتارانەشی بڵاوکردووەتەوە کە لەدانیشتنەکەی دوێنێدا ئامادەبوون و ژمارەیان ١٦١ پەرلەمانتارە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP