ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ئاشكراكرا

کوردستان
19:08 - 2024-04-24



ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ناوه‌ڕۆكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئاشكراكردو رایگه‌یاندووه‌:" دژی تەوتینی موچە نین و زیاتر لە ساڵێکە لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من دەستیان بەو پڕۆسەیە کردوە."

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕیۆ 24 نیسانی 2024 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌خراوه‌ته‌وه‌ كه‌:" لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری، ڕاپۆرتێکی لە بارەی هەنگاوەکانی وەزارەتەکەی خستەڕو بۆ موچەی مانگی نیسان کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، بە فەرمی لیستی وردبینیکراو و پەسەندکراوی موچەخۆرانی هەرێم بە زانیاری پێویستەوە بۆ مانگی نیسان ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراوە، کە چاوەڕوان دەکرێت هاوشێوەی مانگی ڕابردو، لەگەڵ موچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بنێردرێت."

 له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌:" ئەنجومەنی وەزیران، جەختی کردەوە کە نابێت هیچ بیانو و پاساوێک بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بهێڵرێتەوە تا بکرێتە بیانو بۆ خەرج نەکردنی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم، هەر بە ئەم ئاراستەیەش ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابوری و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد، ئەوەی لە یاسا بەرکارە فیدڕاڵییەکان دەستنیشان کراوە وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی نانەوتی بەدەستهاتو لە هەرێم، بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ."

 راشیگه‌یاندووه‌:"حکومەتی هەرێم هیچ کات دژی بە بانکیکردنی( تەوتین)ی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەبوە، لە مێژە بەبانکیکردن( تەوتین) لە ڕێگەی ( هەژماری من)ەوە لە هەرێم دەستپێکراوە، بۆیە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ زیاتر لەسەر میکانیزمی بەبانکیکردنە نەک خودی پرۆسەکە گرنگە، هەروەها ئەم بابەتەش شایەنی چارەسەرە لە ڕێگەی دۆزینەوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش بە جۆرێک لە بەرژەوەندی موچەخۆر بێت و بە ئاسانی پرۆسەکە تەواو بکرێت."

سەبارەت بە بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتیش، باسی له‌وه‌كردووه‌:" حکومەتی هەرێم خوازیاری هەرچی زودەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمە وەک لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لەسەری ڕێکەوتبون کە لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشرێت و داهاتەکەشی بچێتەوە ناو گەنجینەی گشتی فیدڕاڵ لە دوای یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتانەی کە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، ئەمەش پێویستە لە چوارچێوەی دوا کۆنوسی هاوبەشی هەردولادا بێت کە لە مانگی یەکی ئەمساڵ ئیمزاکراوە بەڕەچاوکردنی بنەما دەستورییەکان".

 
داواشی لە حکومەتی فیدراڵ كردووه‌:" هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت لە ناویشیاندا موچەی موچەخۆرانی هەرێم و تەرخانکراوەکانی دیکەی هەرێم لە بودجەی بەکاربردن و بودجەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پارێزگا و هەرێمەکان هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق."

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP