سەرۆک کۆمار پێشوازی له سەرۆک کۆماری تورکیا دەکات

عێراق
15:50 - 2024-04-22


سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی له سەرۆک کۆماری تورکیا دەکات و لەسەر چەندین بابەتی گرنگ گفتوگۆی چڕ دەکەن و دەڵێن: "پێویستە کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەردوولا بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن چارەسەربکرێن"، هاوکات وابڕیاریشە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

ئەمڕۆ دووشەممە 22-4-2024 د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، پیشوازی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و وەفدی یاوەری کرد و گفتوگۆی دوولایەنەیان کرد لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و میکانیزمەکانی پەرەپێدانی هاریکارییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا و جەختیان لە پێویستی هەماهەنگی و کاری هاوبەش کردەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکانی پەیوەست بە ئاسایش و ئابووری و سەرچاوە ئاوییەکان.

سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە: "عیراق بە پەرۆشە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات لە بوارەکانی مێژوویی و ئابووری و بازرگانی و کولتووریدا و جەختیشی کردەوە: "زۆر گرنگ و پێویستە بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات چارەسەر بکرێن".

هاوکات سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە "گرنگی کاری هاوبەش و هەماهەنگی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دڵنیابوون لە ئاسایشی هاوبەش بۆ هەردوو وڵات و ناوچەکە و پاراستنی سنور و بەرەنگاربونەوەی دەستدرێژیکردنە سەرخاکی وڵاتانی دراوسێ".

لە لایەکی دیکەوە، سەرۆک کۆماری تورکیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانکردنی عیراق و ستایشی پێشکەوتنەکانی عیراقی کرد لەسەر ئاستی جیاواز و جەختی کردەوە لەسەر گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێویستی پەرەپێدانیان و ئاماژەی بەوەدا: "کە تورکیا لە شەڕی دژ بە تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنی و ژینگەیی و ئابوورییەکاندا لەگەڵ عیراقدایە".

ئەردۆغان ئەوەش دەڵێت: "کە هەردوو وڵات بە پەیوەندییەکی جیاواز لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەستراونەتەوە کە خزمەت بە هەماهەنگی هاوبەش دەکات و سوود بە گەلی عیراق و تورکیا دەگەیەنێت".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP