یه‌كێتی جه‌خت له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ واده‌ی دیاریكراودا ده‌كاته‌وه‌

کوردستان
21:05 - 2024-04-22


ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی ٤ی ٢٠٢٤، دارا خەیلانی لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە یاوەری کامەران مەلا عەبدوڵڵا راوێژکاری مەکتەبی پەیوەندییەکان لە هەولێر، چاویکەوت بە مادان گۆپاڵ کونسوڵی گشتی هندستان لە هەرێمی کوردستان و وەفدی یاوەری.

پەرلەمانێکی کارا چارەسەری کێشەکان دەکات
لە دیدارێکدا دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوەکرا و جەخت لە گرنگی و پێویستی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کرایەوە کە ببێتە چارەسەری یەکجارەکی کێشە هەڵپەسێراوەکان، هەروەها دارا خەیلانی هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی روونکردەوە و وتی: "یەکێتیی ئامادەیە و پابەندە بەو وادەیەی کە سەرۆکی هەرێم دیاری کردووە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دوور لە هەر دەستێوەردانێک".

"پەرلەمانێکی کارای کاریگەری کوردستان دەتوانێت ڕێگەخۆشکەربێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکان بێ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ بەغدا و جەختیکردەوە لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەو وادەیەی دیاریکراوە، لە پێناو هێنانە کایەی حکومڕانییەکی تەندروست و گەڕانەوەی متمانە بۆ سەرجەم لایەنەکان و بەرەوپێشچوونی دیموکراسی لە ناوچەکە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ تێکڕای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان"، دارا خەیلانی وای وت.

کونسوڵی هندستان ستایشی قوباد تاڵەبانی دەکات
هەردوولا هاوڕابوون کە بەدیهاتنی دیموکراسی تەنها لە ڕێگەی هەڵبژاردن و خەڵکەوە بە دیدەهێندرێت و  هەڵبژاردنیش تاکە رێگەیە بۆ هەڵسەنگاندنی حزبەکان لە لایەن هاووڵاتیانەوە و دەرچوون لە قەیرانەکان .

دواتر کونسوڵی گشتیی هندستان لە هەرێم، ستایشی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ دووربینی و تێڕوانینی کارەکانی بەرز نرخاند بە تایبەتی لە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا بۆ کاروبارەکانی حکومەت و هاندانی ئەو کەسانەی بیرۆکەی کاری تازەیان هەیە و توانیویەتی پشتیوانیان بکات و هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنێت بە تایبەت بۆ چینی گەنجان کە هەوێنی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوون، هەروەها مادان گۆپاڵ خۆشحاڵی دەربڕی و هیوایخواست کە ئەم پەیوەندییانە درێژەی هەبێت و بەردەوام بێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە هاوبەشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و هندستان .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP