هه‌رێم كه‌مال ئاغا: سه‌رله‌به‌ری تۆمه‌ته‌كانی ئاسایشی هه‌ولێر دوورن له‌ راستیی

کوردستان
17:11 - 2024-04-24



هەرێم كەمال ئاغا سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، سه‌باره‌ت به‌ كوشتنی خه‌سرۆ ئه‌میر و ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سه‌ی له‌گه‌ڵیدا بووه‌، 23/4/2024 له‌لایه‌ن  ئاسایشی گشتی هه‌ولێرو نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ شاری هه‌ولێر، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌و سه‌رله‌به‌ری تۆمه‌ته‌كانی ئاسایش روتده‌كاته‌وه‌و جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، كه‌ :"ئه‌و تۆمه‌تانه‌ دوورن له‌ راستییه‌وه‌.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌: 

وڵامێك بۆ بەرێوبەرایەتی ئاسایشی گشتی هەولێرو بەرێوبەرایەتی نەهێشتنی مادەهۆشبەرەكان . 
بۆ ڕای گشتی و هاوڵاتیان ڕوونی دەکەینەوە کە روداوەكەی دوێنی ٤/٢٣ كەوا بڵاوكراوەتەوە دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر رووبەرووی ئاسایش بوونەتەوە لە ئه‌جامدا یەكێكیان كوژراوە و ئەوەی تریان دەستگیر كراوە .

بێگومان سەرلەبەری ئەم تۆمەتانە دوورن لە راستی و جێگای گومانیشە ، بۆیە لێرەدا چەند پرسیارێكی گرنگ دروست دەبێت دەمانەوێت وڵامەكەی بۆ خانەوادەكەیی و ڕای گشتی روونبكرێتەوە . 

١ـ كەسی بەناحەق كوژراو بەناوی خەسرۆ ئەمیر كارمەندی پۆلیسی بەرێوبەرایەتی پاسەوانیەكانە ، ئایا بەرێوبەرایەتیەكەی ئاگاداركراوەتەوە لە سەر تۆمەتباربوون و داواكردنی لەلایان دادگا ؟
بێگومان نەخێر .
٢- ئایا ڕۆژێك براكەی بەناوی كارەسوڵ ئەمیر كەئەفسەرە بە پلەی عمید لە یەكەی هەشتای وەزارەتی پێشمەرگە ئاگادار كراوەتەوە كە براكەی داواكراوە لەلایان دادگا ؟
بێگومان نەخێر .
٣- ئایا رۆژێك لە رۆژان چوونەتە سەر ماڵی كوژراو خۆی رادەست نەكردبێت ، لە گەڵ ئەوەی شوێنەكەی دیار و لە خانەوادەیەكی دیارە ؟
بێگومان نەخێر .
٤-  ئایا من كە بەرپرسی ئەوم و لەدەستەی پاسەوانی من پاسەوانە ، ئایا رۆژێك لە رۆژان ئاگادار كراومەتەوە لە سەر تۆمەتبار بوون و داواكردنی لە لایەن دادگا ، لەگەڵ ئەوەی لە نزیكەوە دەم ناسن ؟
بێگومان نەخێر .
٥- ئایا ئەوكەسەی كە دەستگیركراوە بەناوی میللەت بەرواری كەكارمەندی  دژەتیرۆی عیراقە چۆن لە دهۆكەوە هاتووە بۆ هەولێر ئەگەر داواكراو بێت ؟
یان بۆ هەر لە دهۆك لە ماڵەكەی خۆی دەستگیر نەكراوە ؟
لێرەدا  بەشێوەیەكی گشتی جیا لە ئەنجام دانی ئەم تاوانە و ناوزراندنیان بەبازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر تاوانێكی ترە ، كە بەهیچ شێوەیەك ئەم كارە قێزەونە لە لای ئێمە رێگە پێدراو نیە .
بۆیە لێرەدا داوا لە بەڕێزان سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیری ناوخۆ دەكەین لێژنەیەكی بێلایەن  پێكبهێنرێت بۆ لێكۆڵینەوە لەم رووداوە لەپێناو رونكردنەوەو دەرخستنی راستیەكان بۆ رای گشتی و سزادانی تاوانباران .

هەرێم كەمال ئاغا

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP