بەیاننامەى یەکێتی نووسەرانی جینۆساید لە رۆژی نیشتمانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان

کوردستان
12:41 - 2024-05-16

** تائێستا تەنها لە (1%) رووفاتی ئەنفالکراوان و کەمتر لە (9%) رووفاتی جینۆسایدکراوانی بارزانی گەڕێنراونەتەوە

** هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم خۆیان دەدزنەوە لە هەڵدانەوە و هێنانەوەی روفاتی پیرۆزی ئەنفالکراوان و جینۆسایدکراوان


ڕۆژی 16 ئایار، کە لە ساڵی (2007)ـەوە بە ڕۆژی نیشتمانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لەسەر ئاستی عێراق دیاریکراوە، ڕۆژێکە بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و هەڵوەستەکردن لەسەر تاوانەکانی جینۆساید.

وەلێ مەخابن، دوای (17) ساڵ لە دیاریکردنی ئەم ڕۆژە و هاوکات دوای 21 ساڵ لە رووخانی ڕژێمی بەعسی فاشیست، تائێستا پرسی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفالکراوان وجینۆسایدکراوانی کورد، یەکێکە لە پرسە پەراوێزخراوەکان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان.. بە جۆرێك تائێستا نەتوانراوە تەنانەت لە (10%)  رووفاتی قوربانیانی جینۆسایدی گەلی کورد لە تاوانی ئەنفال و جینۆسایدی بارزانییەکان و کوردانی فەیلی بگەڕێنرێتەوە بۆ خاکی نیشتمان، کە رووفاتی پیرۆزییان لە ژێر گڵی بیابانەکانی عێراقدا بڵاوبۆتەوە.

لەم یادەدا، ئەگەر هەڵوەستە لەسەر ژمارەی ئەو رووفاتانە بکەین، کە هێنراونەتەوە بۆ خاکی نیشتمان، تووشی سەرسوڕمان دەبین، که ناکاتە لە 1% روفاتی پیرۆزی قوربانیان... چونکە:

یەکەم: بەپێی داتاکان، لە سەرجەمی عێراقدا، (301) گۆڕی بە کۆمەڵ سەردەمی ڕژێمی بەعس دۆزراونەتەوە، کە لەو ژمارەیە زیاتر لە (80%) گۆڕی روفاتی پیرۆزی جینۆسایدکراوانی کوردن، بەڵام تاهەنووکە تەنها (12) گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوانی تاوانی ئەنفال و (5) گۆڕی بە کۆمەڵی جینۆسایدکراوانی تاوانی جینۆسایدی بارزانیەکان هەڵدراوەنەتەوە.

دووەم: لە کۆی (182000) هەزار جینۆسایدکراوی تاوانی ئەنفال و (8000) هەزار قوربانی جینۆساید بارزانیەکان و دەیان هەزار قوربانی جینۆسایدی کوردانی فەیلی، تائێستا ژمارەی ئەو روفاتانەی هێنراونەتەوە، بەمشێوەیەن:
1ـ تەنها (1974) روفاتی ئەنفالکراو گەڕێنراونەتەوە، کە دەکاتە تەنها لە (1%) ژمارەی ئەنفالکراوان.
2ـ تەنها روفاتی (696) جینۆسایدکراوی جینۆسایدی بارزانیەکان گەڕاوەتەوە، کە دەکاتە کەمتر لە (9%) ژمارەی جینۆسایدکراوانی ئەو تاوانە.
3ـ تائێستا نەتوانراوە نەك رووفات، بەڵکو یەك گۆڕ یان شوێنی لە ناوبردنی قوربانیانی جینۆسایدی کوردانی فەیلی بدۆزرێتەوە.
4ـ تائێستا نەتوانراوە یەک رووفاتی ئەنفالکراوانی ناوچەی بادینان بگەڕێنرێتەوە، کە بە ئەنفالی قۆناغی هەشت ناسراوە.
5ـ تائێستا ناسینەوە بۆ رووفاتە گەڕێنراوەکان نەکراوە و تەنانەت هەڵمەتی سەرتاسەریش بۆ وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە کەسوکاری ئەنفالکراوان وجینۆسایدکراوانی کورد ئەنجام نەدراوە، بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی NDA، جگە لە نزیکەی (200) خێزانێك نەبێت، کە لە مانگی دوو و سێ رابردوو سامپڵێ خوێنیان لێی وەرگیراوە، بە ئامانجی ناسینەوەی روفاتی پیرۆزی (172) ئەنفالکراو، کە لە 21 شوباتی رابردوو، گەڕێنراونەتەوە بۆ کوردستان.

بەڕێزان.. بەراوردکردنی ئەو ژمارانە، بە ماوەی 21 ساڵی رووخانی ڕژێمی بەعس، کارەساتن و بەڵگەی بێباکی و کەمتەرخەمی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەمەڕ دۆسیەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفالکراوان و جینۆسایدکراوان کورد دەردەخات.. لەسەرووی هەمووشیانەوە دەزگای شەهیدانی عێراق، کە بەپێی یاسای گۆڕە بە کۆمەڵەکان، بە ژمارە (5) ساڵی (2006)، بەرپرسیارێتی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و گەڕانەوەی روفاتەکانی لە ئەستۆدایە.

هەر بۆیە لەم یادەدا رایدەگەیەنین، خۆدزینەوە لە پرسی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و خۆدزینەوە لە وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە کەسوکاری قوربانیان بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی DNA، بەپێی یاسای نێودەوڵەتیەکان، دەچێتە چوارچێوەی تاوانی شاردنەوی زۆرەملێ (الاختفاء القسري).

یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان
2024/5/16

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP