ستران عەبدوڵلا: مەعلوم ئەمە (خەبات) نییە

کوردستان
16:00 - 2024-05-17

مەعلوم ئەمە (خەبات) نییە ، مەعلوم ئەمە شتێکی ترە، چونکە خەبات رێوشوێنی خۆی هەیە و نازناوە بۆ تێکۆشان و گیانفیدایی سیاسیی و میدیایی ، نەک گاڵدان و هاندان و خەبەردان لە شارێکی نیشتمان کە سلێمانییە و هەقی زۆری بەسەر پارتایەتی و دیموکراتی و کوردستانەوە هەیە.
قەت رێی تێناچێ ئەمە ئەو رۆژنامە بێت کە رۆژێک لە رۆژان مامۆستا برایم ئەحمەد خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری بوو. کە رۆژێک لە رۆژان ئیمتیازی ناوەکەی بە پارتی دیموکراتی کوردستان بەخشی و بە پێی یاسا بەرکارەکانی عێراقی جەمهوری سەردەمی قاسم بە هەمان خاوەندارێتییەوە رۆژنامەی (کوردستان) دەرکرد.
قەت رێی تێناچێ ئەمە ئەو خەباتە بێت کە مام جەلالی گەنج گۆشەی (یاداشت)ی تیا دەنووسی و مینبەری رەوای بزووتنەوەی کوردایەتی بوو بە زمانی رەوانی عەرەبی. زەحمەتە ئەمە ئەو رۆژنامە بێت کە رۆژێک سەروتاری خۆی تەرخان کرد بۆ داکۆکی لە (ئومەی کوردی)وەک هاوبەشی ئەم وڵاتەو لەسەر ئەوەش سەرنووسەرەکەی درایە دادگا. کەچی ئێستا بە زمانی شیرینی کوردی راپۆرت لەسەر پایتەختی رۆشنبیری دەدا و لە لاپەڕە یەک ، بە کامی دڵ و بە مانشێت ، خاوەندارێتی لەسەر دەکات.
ڕاستە عادەتەن رۆژنامەی بە تەمەن بە گوێرەی خاوەندارێتییەکەی گێڕ دەگۆڕێ و زەمەن و دەوران فێری پێچە بە دەورەی دەکات. بەڵام قەت باوەڕ ناکرێت رۆژنامەی ئەهرامی میسری لە وێستگەی خدێوی و ئینگلیز و مەلیکەوە تا زەمانی ناسر و هەیکەل ئینجا بۆ رۆژگاری موبارەک ئاوا پێچە بە دەورەیان لە قاهیرە و ئەسکەندەرییە کردبێ و بە وتار و راپۆرتان غەوارەیان لە دژی هاونیشتمانانیان گاڵدابێت.
قەت ئەمە نابێتە بەشێک لە مێژووی رۆژنامەگەری کوردی و نابێتە بەشێک لە مێژووی جولانەوەی رزگاریخوازی کوردستان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP