بەداخ و خەمێکی قوڵەوە. ئێوارەی ئەمڕۆ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بواری خەباتی ژنان و کادری دیاری یەکێتیی نیشیمانیی کوردستان، ڕوناک فەرەج بەرپرسی ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕوناکبیریی ژنان، پاش چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە لە شاری سلێمانی کۆچی دواییکرد و جێی هێشتین.
بۆ ئەم ئازار و کۆچە ناوەختە، بەناوی بۆردی ڕاگەیاندن و سەرجەم میدیاکارانی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکار و هاوڕێ و هاوپیشەکانی دەکەین و دەپاڕێینەوە لە یەزدانی مەزن، جێگەی کۆچکردو بەهەشتی نەبڕاوە بێت و سەبووریی و ئارامیش بە هەموو لایەک ببەخشێت.
خاتوو ڕوناک فەرەج، وەک قەڵەمێکی سەنگین و ژنێکی سەلاری خەباتی نەتەوەیی و یەکسانیی، بەردەوام لە ڕیزی پێشەوەی خەباتدا بووە و هەرگیز لە باوەڕ و بنەماکانی خەبات پاشەکشەی نەکردوە، لە کۆنفرانسی دووەمی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش وەک بڕیاردەری لیژنەی سیاسەتی میدیایی ڕۆڵێکی دیاری بینیوو و جێدەستی دیاربوو، بەڵام ئەفسوس مەرگی ناوەختی نەیهێشت بەری ڕەنج و ماندوبوونی ببینێت.
جارێکی تر سەرەخۆشی دووبارە دەکەینەوە
بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP