مووچە بۆ زیاتر لە 3 هەزار کچی ئێزیدی رزگاربووی دەستی داعش دەبڕدرێتەوە

کوردستان
22:33 - 2024-07-03

بنکەی لالش بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان مینحەیەکی 200 بۆ 300 هەزار دیناریی بۆ کچانی رزگارکراوی دەستی داعش دابینکردووە.
لەوبارەیەوە کاروان باعەدری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بنکەی لالش بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری، رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بنکەی لالشی بۆ پێدانی مینحەیەکی 200 بۆ 300 هەزار دیناریی بۆ کچانی رزگاربووی ئێزدیی دەستی داعش راسپاردووە و بڕیارە مینحەی دارایی بدرێت بە زیاتر لە سێ هەزار کچی رزگاربوو.
وتیشی، ئەو پاڵپشتییە داراییە مینحەیە و مانگانە دەدرێت بە کچانی رزگاربووی دەستی داعش و لەرێگەی هەژماری بانکییەوە دەخرێتەسەر هەژمارەکانیان، ئەو کچە رزگاربووانەش کە لە وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیا و ئەمریکان، مانگانە دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان.
ئەوەشی روونکردەوە، پڕۆژەکەیان بەردەوامدەبێت و ژمارەی ئەو کەسانە زیاتر دەبێت، وتیشی: بڕیارە رۆژی سبەی لیژنەیەک سەردانی بنکەی لالش بکات بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP