ئاسایش لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگریی ، زانیاری دروستی دەستکەوت لەسەر چەند گروپ و تاقمێکی تیرۆریستی داعش کە لەسنوری هەرێمی کوردستان ، لە خۆڕێکخستندان و پیلانیان داناوە بۆ ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تیرۆریستی و تیرۆرکردنی چەند فەرماندە و ئەفسەرێکی باڵای هێزە ئەمنییەکان .
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکات: "پاش بەدواداچوونی بەردەوام و لێکۆڵینەوەی مەیدانی ورد و شەونخونی هێزەکانمان ، بەڵگەی پێویست و دروستیان دەستکەوت بۆ پشتراستکردنەوەی زانیارییەکان و هەموو ئەو تۆمەتبارانەی گومانلێکراو بوون ، بۆ ماوەی چەند رۆژێک بە بەردەوامی خرانە ژێر چاودێری وردەوەو دڵنیابووینەوە لەمەرام و پیلانەکانی تیرۆریستان کەخۆیان ئامادەکردبوو ئارامی هەرێم تێکبدەن".
"پاش رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش ، پلانی تۆکمەدانرا بۆ دەستگیرکردنیان و لە چوارهەڵمەتی سەرکەتوودا هێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایش لە رۆژانی ٣ ی ٧ ی ٢٠٢٤ و دواتر بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش شارەزوور ، لە پارێزگاکانی هەڵەبجە ، سلێمانی ( گرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی ) ، گەرمیان ، چەمچەماڵ ١١ تیرۆریست دەستگیرکران کە پێکهاتبوون لە تیرۆریستانی هەرە تاوانبار و هەر سێ ئەمیری گروپ و تاقمەکان ( دیاری سەعدی - ئەمیری مەیدانی هەڵەبجەو شارەزوور ) ، ( ئیکرام خالید ناسراو بە حاجی ئیکرام - ئەمیرو سەرپەرشتیاری ناردنەدەرەوەی تیرۆریستان ) ، ( شێرکۆ عەبدوڵا - ئەمیری ئەمنی ) و ٨ تر تیرۆریستی تر بە ناوەکانی ( و . س ) ، ( ع . و ) ، ( ئ . س ) ، ( و .ئ ) ، ( ز ، ئ ) ، ( س .م ) ، ( ب . ف ) ، (دانا عوسمان ) پاش لێکۆڵینەوەی ورد دانیان بە تاوانەکانیاندا نا کە پیلانیان دانابوو ژمارەیەک فەرماندەو ئەفسەری باڵای ئەمنی و ئیداری تیرۆر بکەن و چەندین کردەوەی تری تیرۆریستی لە شارەکانی هەرێم ئەنجام بدەن . پاش بەدواداچوونی زیاتر رونبووەوە تیرۆریستی هەڵهاتوو لە وڵاتی بەریتانیا بیلال مەحمود ناسراو بە ( یاخی ) پەیوەندی بە گروپەکەوە هەبووە و ئاڕاستەی کردوون بۆ بڵاوکردنەوەی فکری ( دەوڵەتی بەناو ئیسلامی ) و توندڕەوی و تیرۆر", راگەیەندراوەکەی ئاسایش وادەڵێت.
ئاماژە بەوەش کراوە: "ئاشکراکردنی ئەم پیلانەی تیرۆریستان و شکستپێهێنانی مەرامەکانیان بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێم لە بەرئەنجامی شەونخونی و ماندووبوونی یەک مانگ کارکردنی بەردەوامی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشدا هات کە پشودرێژانە سەرکەتووبوون لە هەوڵەکانیان".
تێبینی / لینکی ڤیدیۆی دانپێدانانی هەر چوارتیرۆریست...
١ - تیرۆریستی هەرەتاوانبار ( دیاری سەعدی - ئەمیری مەیدانی هەڵەبجەو شارەزوور .
٢ - تیرۆریست ( شێرکۆ عبدالله محمد )
٣-تیرۆریست ( دانا عوسمان )
٤- تیرۆریست ( ئیقبال سەعدی )
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP