قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران سەردانی قەزای سەیدسادقی کرد و لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری قەزاکە بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری درا لە ماوەیەکی نزیکدا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەک شەمە( ١٨ی ئابی ٢٠٢٤) بە ئامادەبوونی رەزا محەمەد، قایمقامی قەزای سەید سادق بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران لە کەموکوڕییەکانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان و کێشە خزمەتگوزارییەکانی کۆڵییەوە.
لە دوای گوێگرتن لە کێشە و کەموکوڕییەکان، بڕیاردرا لەسەر دابینکردنی پێداویستییەکانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان، بۆ ئەوەی بتوانن باشتر خزمەتی هاوڵاتییان بکەن.
سەبارەت بە کێشە خزمەتگوزارییەکانیش، بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری درا لە ماوەیەکی نزیکدا. هەروەها بڕیار لەسەر دروستکردنی سەنتەرێکی ئۆتیزم لە قەزاکە درا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران داوای لە بەرپرسانی ئیداری قەزای سەیدسادق کرد، هەموو جۆرە کارئاسانییەک بکەن بۆ راپەڕاندنی کاروباری هاوڵاتییان و رایگەیاند رەزامەندی هاوڵاتییان مەرجی سەرەکییە بۆ بەردەوامبوونی هەر بەڕێوەبەرێک لە پۆستەکەیدا و هەر کاتێک هەست بکرێت هاوڵاتییان لە ئەدای بەڕێوەبەرایەتییەک رازی نین، گۆڕانکاری پێویست دەکرێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP