تەندرووستیی عیراق رووفاتی 45 زیندانیی بادۆشی رادەستی کەسوکاریان کردەوە

عێراق
13:42 - 2024-09-24

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پزیشکی داد، 45 رووفاتی لە زیندانی بادۆشەوە ڕادەستی کەسوکارەکانیان کردەوە، کە لە 2014 لەلایەن ڕێکخراوی داعش کوژرابوون. 
زیندانی بادۆش دەکەوێتە نزیک قەزای بادۆشی ڕۆژئاوای شاری موسڵ لەسنووری پارێزگای نەینەوا، دووەم گەورەترین گرتووخانەیە لەعێراق لەدوای گرتووخانەی ئەبوغرێب لە بەغدا.
لەبارەی رووفاتەکانی نێو زیندانەکەوە دکتۆر یاسەمین مونزر، بەڕێوەبەری بەشی گۆڕەبەکۆمەڵەکان  رایگەیاند، بۆ ئاشکراکردنی ئەو رووفاتانە و پشکنین بۆ ناسینەوەیان و ڕادەستکردنەوەیان بە کەسوکارەکانیان، کار بە چەند میکانیزمێکی پێویست دەکەن و ئێستا کۆی گشتی رووفاتە رادەستکراوەکان دەبێتە 123 رووفات.
نەتەوە یەکگرتووەکان تیمێکی لێکۆڵینەوەی بۆ لێپێچینەوە تاوانەکانی داعش پێکهاێناوەو لەڕاپۆتێکدا سەبارەت بەهێرشی سەر زیندانەکە دەڵێت، هێرشەکە بەیانی 10ی حوزەیرانی 2014 لەلایەن داعشەوە کرایەسەر زیندانی بادۆش و ئەو کاتە زیاتر لە سێ هەزار بەندکراوی تێدابووە.
لەڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، زیندانی بادۆش، شوێنی بەندکردنی ئەو کەسانە بووە، کە سزای سووک و قورسیان لەسەر بووە، یەکەیەکی چاکسازیشی تێدابووە بۆ بەندکراوان.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP