لەتیف نێروەیی: لەدهۆک و زاخۆ پۆستەری لیستی یەکێتیی ١٢٩ و کاندیدەکانی شێوێندراون و دەدڕێندرێن

کوردستان
16:46 - 2024-09-29



لە زۆربەی ناوچەو شەقامەکانی دهۆک و زاخۆ پۆستەری لیستی یەکێتیی ١٢٩ و کاندیدەکانی بازنەکە شێوێندراون و دەدڕێندرێن، مەڵبەندی دهۆکیش رایدەگەیەنێت: "دژی دڕاندنی پۆستەری کاندیدەکانمان سکاڵا تۆمار دەکەین"، هاوکات لەتیف نێروەیی دەڵێت:"لەسەرەتای بانگەشەوە لە دهۆک پێشێلکاری کراوەو پۆستەری لیست و کاندیدەکانی یەکێتی دڕێندراوە".

خۆمان بە شتی لاوەکییەوە سەرقاڵ ناکەین
لەو چوارچێوەیەشدا لەتیف نێروەیی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند: "یەکێتی پرۆسەیەکی بانگەشەی بەرپرسیارانەی ئەنجام داوە، بەڵام لە زۆربەی شوێن بەتایبەت دهۆک تەقە لەبارەگای یەکێتی کراوەو کەسایەتییەکی دیاری دهۆک بریندار کراوەو، لەگەڵ دەستپێکی بانگەشە لەو پارێزگایە کۆمپانیای بەڕێوەچونی پرۆسەکە لەلایەن ئاسایشەوە راگیرابوون، ئەمانەش هەمووی سەرپێچین و وادەکەن پرۆسەکە بەشێوازێکی ناتەندروست بەڕێوەبچێت".

"لەپرۆسەی بانگەشەدا هەموو لایەنێک باس لەبەرنامەی کاری خۆی دەکات بۆ دوای پرۆسەکە، بەڵام هەندێک لایەن تەنها باس لە ناشرینکردنی یەکێتی دەکەن و هیچ بەرنامەیەکیان پێ نییە، بەڵام ئێمە خۆمان بە شتی لاوەکییەوە سەرقاڵ ناکەین"، لەتیف نێروەیی وای وت.

هەر لەو بارەیەوە لێپرسراوی مەڵبەنی دهۆکی یەکێتی رایگەیاند: "بۆ دڕاندنی پۆستەری کاندیدان و لیستەکەمان بێدەنگ نابین و دژی ئەو کردەوە چەوتانە لە کۆمسیۆن سکاڵا تۆمار دەکەین".

 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە لیستی ١٢٩ بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دا دەکات کە ٢٠-١٠-٢٠٢٤ بەڕێوەدەچێت، کەلە سنوری پارێزگای دهۆک بە ( ٣٠) کاندید بەشداری دەکات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP