عیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایدەگەیەنێت:" ئەم دۆخە وادەخوازێت هەموولایەنەکان دانبەخۆدابگرن و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پەنا بۆ رێگاچارەی ئاشتی ببرێت چونکە هیچ گرفتێک بە شەڕو ئاڵۆزی چارەسەر ناکرێت".
وتیشی :" یەکێتی لەنێوان کێشمەکێش و ململانێیەکان بژاردەی دیالۆک و پێکەوەیی و پاراستنی ئارامی سیاسی هەڵدەبژێرێت و درێژە بە سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەدەین و هەموو هەوڵێکیشمان روو لە سەقامگیری سیاسییە و ئەم رووداوانەی لە ناوچەکەشدا روودەدەن سەرکۆنەی دەکەین و پەیامەکەی هەڤاڵ سەرۆکی یەکێتی لەوبارەیەوە روون و راشکاو بوو ".
ئەم وتانەی عیماد ئەحمەد لەمیانی بەشداریکردنی پرسەی سەید حەسەن نسروڵا دابوو کە لەگەڵ دکتۆر خەسرەو گوڵ نوێنەری سەرۆکی یەکێتی بۆ مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنە باڵاکانی یەکێتی کە سەردانی کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی کرد. و بە ناوی یەکێتییەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆیان لە نزیکەوە گەیاندە کونسوڵخانەی ئێران .
عیماد ئەحمەد لەبەرامبەر پرسیاری هەڵبژاردن و راستکردنەوەی حکومڕانی بەراگەیاندنکارانی وت:" کۆتایی بە تاکڕەویی دەهێنین و خەڵک لە زاخۆوە تا خانەقین لەم حکومەتە ناڕازییە بۆیە ئێمە لەگەڵ خواستی خەڵکی خۆمان و پێویستییەکانیان هەنگاو دەنێین"
" دەمانەوێت حکومڕانیەکی دادپەروەر لەهەرێم بنیادبنێین کە لە خزمەتی خەڵک و بەرژەوەندی گشتییدابێت" عیماد ئەحمەد وایوت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP