سه‌رۆك بافڵ بۆ مه‌سرور بارزانی: سوێند به‌خوا ده‌توه‌ستێنم

کوردستان
17:42 - 2024-10-15

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حەوتەمین و كۆتا كەرنەڤاڵی فراوانی بانگەشە بۆ لیستی ١٢٩ ی یەكێتی لە ناو ئاپۆڕای جەماوەرو لایەنگرانی یەكێتی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەهەولێر بەڕێوەبردوو و لە وتارێكی مێژوویدا رایگەیاند: "یەكێتی گەڕاوەتەوە سەر رێبازەكەی خۆی و شۆڕشێك دەستیپێكردووە كە ئەژنۆی نەیارەكانمانی شكاندووە"، وتیشی: "ئەم حكومەتە وڵات بەرەو سیستمی پۆلیسی دەبات، ئێمە كۆتایی بەم سیستمە پۆلیسییەی ئێستا دەهێنین"، پەیامێكی تایبەتی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی كردو وتی: "سوێند بەخوا دەتوەستێنم".

راشیگەیاند: "پێنج ساڵە حكومەت نەیتوانیوە مووچە بۆ خەڵك دابینبكات، حكومەت سیاسەتی نەوتی نییە، بەڵكو سیاسەتی نەوت و غاز دزینی هەیە"، هاوكات پەیامێكی تایبەتی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی كردو وتی: "سوێند بەخوا دەتوەستێنم".

كۆتایی بەم سیستمە پۆلیسییە دەهێنین
وتیشی: "ئەم هەڵبژاردنە ساختەكاری تێداناكرێت و ئێوە دەتوانن هاوكێشەی سیاسی لەهەرێم بگۆڕن، ئەم حكومەتە وڵات بەرەو سیستمی پۆلیسی دەبات و كۆتایی بەم سیستمە پۆلیسییەی ئێستا دەهێنین، بەهۆی سەرانە سەندنیشەوە بازرگانەكان هەولێریان بەجێ هێشتووە".

چوار ساڵ خزمەت بە نیو سەعات دەنگدان
سەرۆك بافڵ راشیگەیاند: "دەنگ بەو حزبە بدەن كە دەتوانێت ژیانتان باشتر بكات و بەڵێن دەدەین باشترین حكومەت دروستبكەین، بۆیە ئێوەش بچن سندوقەكانی دەنگدان سەوز پۆس بكەن و تەنها بەنیو سەعات دەنگدان بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چوار ساڵ خزمەتتان دەكەین".

نەیارەكانمان لەیەكێتی تۆقیون
لەدرێژەی پەیامەكەیدا سەرۆك بافڵ وتیشی: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كوردایەتی زیندوو دەكاتەوەو كەرامەت و ئاسایشی میلەتەكەمان دەپارێزێت، سەركەوتنەكانی یەكێتی لەرابردوودا رێكەوت نەبوون و بەپلان و بەرنامە كاردەكات، هەربۆیە نەیارەكانمان لەیەكێتی رادەكەن و لێمان تۆقیون، لەئێستاشدا یەكێتی گەڕاوەتەوە سەر رێبازەكەی خۆی و شۆڕشێك دەستیپێكردووە كە ئەژنۆی نەیارەكانمانی شكاندووە".

پێكهاتەكانیش خاوەنی هەولێرن
لەبارەی پێكهاتەكانیشەوە سەرۆك بافڵ وتی: "پارتی دیموكراتی كوردستان  پێكهاتەكان بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكار دەهێنێت، ئێمەش دەمانەوێت پێكهاتەكان خۆیان نوێنەرایەتی خۆیان بكەن، چونكە پێكهاتەكانیش خاوەنی هەولێرن".

كەسوكاری شەهیدەكانی پارتیش دژی خاك فرۆشتنن
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جیاوازی لەنێوان شەهیدەكانی كوردستاندا ناكەین و دەزانین كەسوكاری شەهیدەكانی پارتیش دژی خاك فرۆشتنن و لەئازارەكانیان تێدەگەین"، رووی لە پارتییەكانیش كردو و پێی راگەیاندن: "بۆ نەهێشتنی نیگەرانییەكانتان یان دەنگ بەئیمە بدەن یان دەنگ بەپارتی مەدەن".

فێریان دەكەین ئەوان بەشەرن فیرعەون نین
وتیشی: "كەمینەیەكی ناو پارتی لێمان تێناگەن و ئەو گەندەڵییەی دەیكەن بنەبڕی دەكەین و فێریان دەكەین ئەوان بەشەرن فیرعەون نین"، وتیشی: "پارتی بەترساندن و هەڕ‌شەكردن لەخەڵك دەنگ بەدەستدەهێنێت".

هەڵە بەهەڵە وەڵام نادەینەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتیشی: "پارتی و بارزانییەكان و شێخەكانی بارزان ناتوانن بۆچونی خۆیان دەرببڕن، بشێوەیەك خەریكە بارزانی و دیكتاتۆر دەبن بەیەك وشە، ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەرامبەر خراپییەكانی پارتی بەرامبەر بە كادرەكانمان هیچ ناكەین و هەڵە بەهەڵە وەڵام نادەینەوە، ئایا جنێودان بەماڵ و منداڵم رەوشتی بارزانییەكانە؟، ئەمە لەكاتێكدایە كەمینەیەكی ناو پارتی ئامادەنین لەگەڵ حزب و خەڵكی كوردستان رێكبكەون، بەڵكو دەیانەوێت لەگەڵ جنێوفرۆشەكان رێكبكەون".

باشترین هاوڕێ  و خراپترین دوژمنم
لە كۆتایی پەیامەكەیدا سەرۆك بافڵ وتیشی: "تەماشای یەكێتی بكەن چەند بەهێز بووە و بەسێ ساڵ پارتیمان حستەسەر ئەژنۆ، چونكە كەمینەیەك پارتی خنكاندووە و خراپترین دوژمنی تاكڕەویم"، هەروەك روویكردە هەولێرییەكان و وتی: "داواتان لێدەكەم وەك هەولێرییەك قبوڵمكەن". 

ئەمەش لەكاتێكدایە پێشتر لە كەرنەڤاڵی لیستی ١٢٩ لە گەرمیان سەرۆك بافڵ رایگەیاند: "لە هەولێر وەڵامی ئەوانە دەدەمەوە كە دەپرسن كۆتایی بەچی دەهێنین و لە كەرنەڤاڵی بادینانیش دووپاتیكردەوە كە وەڵامی ئەوانە دەداتەوە كە دەپرسن كۆتایی بەچی دەهێنێت؟".

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەماوەی بانگەشەدا حەوت كەرنەڤاڵی گەورەی بۆ ناساندنی كاندیدەكانی لیستی ١٢٩ـی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پارێزگا و قەزا و ناحیەكان ئەنجامداوەو لەسەرجەم كەرنەڤاڵەكاندا تەئكیدی كردووەتەوە كە بەپشتیوانی خەڵكی هەرێمی كوردستان كۆتایی بە دەسەڵاتی خۆسەپێن و گەندەڵ و جیاكار و نادادپەروەر دەهێنین، بۆئەمەش پشتیوانی خەڵكی هەرێمی كوردستانمان دەوێت و داوایان لێدەكات لە رۆژی ٢٠ـی ١٠ـی ٢٠٢٤، سندوقەكانی هەڵبژاردن سەوز پۆش بكەن و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بكەنە هێزی یەكەم لە هەرێمی كوردستان، چونكە لەرابردوودا سەلمێندراوە هەركاتێك سەرۆكی حكومەت لای یەكێتی بووبێت خەڵك لەخۆشگوزەرانیدابوون.
 
"كۆتایی پێ دەهێنین" دروشمی سەرەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-ە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە رۆژی ٢٠ـی ١٠ـی ٢٠٢٤ ئەنجام بدرێت، هەروەها لیستی ١٢٩ـی یەكێتی بە ١٧٢ كاندید بەشداری دەكات كە دابەشبوون بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا، ئەوانیش؛ سلێمانی ٧٢ كاندید، هەولێر ٦٤، دهۆك ٣٠، هەڵەبجە ٦ كاندیدن. 


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP