سوپای ئیسرائیل 13 جار باشووری بەیروتی بۆردوومانکرد

جیهان
11:16 - 2024-10-22


دوێنێ شەو سوپای ئیسرائیل 13 جار بۆردوومانی بەری باشووری بەیروتی کرد، ئەوەش دوای هۆشدارییەکی ئیسرائیل هات، کە داوای چۆڵکردنی چەند ناوچەیەکیان لە باشووری لوبنان کرد.
ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی رەسمی لوبنان رایگەیاند، تاوەکو نیوەشەوی دووشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل 13 هێرشیان بۆ سەر بەری باشووری بەیروت کردووە.
هاوکات، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانەکان، لە دەوروبەری نەخۆشخانەی حەریری، چوار کەس گیانیانلەدەستداوە و 24 کەسی دیکە برینداربوون، لەناو کوژراوەکانیش منداڵێک هەبووە.
لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، حیزبوڵای لوبنان نزیکەی 170 موشەکی لە لوبنانەوە بە ئاراستەی ئیسرائیل هەڵداوە، ئەمەش لەکاتێکدایە ئیسرائیل بۆردوومانی ئاسمانی بۆ سەر رێکخراوە مرۆییەکانی سەر بە حیزبوڵا چڕتر کردوەتەوە و بۆ دووەم شەو لەسەر یەک نزیک فڕۆکەخانەی بەیروتیان بۆردوومانکردووە.
ئەم شەڕ و ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە بلینکن بۆ راگرتنی شەڕ و ئاگربەست دوێنێ گەیشتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP