بەبۆنەی سەركەوتنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانەوە، سەرۆكایەتی كۆمار پیرۆزبایی لەگەلی كوردو سەرجەم لایەن و قەوارە بەشداربووەكانی ئەم پڕۆسە دیموكراسییە كردووە، هاوكات پیشەییبونی تەواو و دەستپاكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەبەڕێوەبردنی پڕۆسەكەدا بەرز دەنرخێنین و داواش لە لایەنە سیاسییەكان دەكات بۆ پێكهێنانی حكومەت كۆببنەوە .
سەرۆكایەتی كۆمار لەپەیامێكدا وێڕای پیرۆزبایی، داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان دەكات لەسەر مێزی دیالۆگی نیشتمانی بنیاتنەرانە كۆببنەوە لەپێناو پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لەسەر بنەمای خزمەتی خەڵك و كاركردن بۆ برەودان بە پڕۆسەی بنیاتنان و ئاوەدانكردنەوە و بوژاندنەوەی ئابووری و بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام.
ئاماژە بەوەشدەكات: "هەڵبژاردن جگەلەوەی مافێكی دەستوریی بنەڕەتییە، كۆڵەكەیەكی سەرەكییە لە سیستمی دیموكراسیی پەرلەمانیی، هەروەها جێگای شانازییە بۆ هەموو عیراقییەكان".
راشیدەگەیەنێت: "داوای رێزگرتن لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و ئیرادەی ئازادیی خەڵك دەكەین، هەروەها پشتیوانی بۆ تەواوكردنی رێڕەوی دەستوری و دیموكراسی لەهەرێمی كوردستان دووپاتدەكەینەوە بەجۆرێك یەكڕیزی نیشتمانی بەهێزبكات و خواستی گەلەكەمان بۆ گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی و پێشكەوتن بەدیبهێنێت".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP