هێرشی ئەلیکترۆنی کرایە سەر وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

کوردستان
12:38 - 2024-11-01

جارێکی دیکە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانەوە هێرشی ئەلیکترۆنی کرایە سەر وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA و پەیجە رەسمیەکانی و راپۆرتێک لە سەرهێرشەکە و وردەکارییەکان و هەروەها مەترسیەکانی سەر میدیای نوێ پێشکەش بە سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان کرا.

سەرەتا عەتا کەریم سەرنووسەری PUKMEDIA، جگە لە پێشکەشکردنی راپۆرتێک بە زمانی کوردی و ئینگلیزی لەسەر هەوڵەکان و هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر سایتەکە، باسی لە مەترسییەکانی هێرشی ئەلیکترۆنی کرد رایگەیاند: "ئەو هیرشانە جۆرێکی دیکەیە لە تیرۆری ئازادی رۆژنامەنوسی و تەواو پێچەوانەی ئاکاری رۆژنامەنوسی و پرانسیپە دیموکراسییەکانە و ئامانجەکە و پەلاماردەراکانیش روونە کە دژایەتیکردنی ئەو سایت و پەیجانەیە کە کاریگەرییان لەسەر رایگشتی هەیە و رەخنەگرن".

"مەترسیە ئەوکات زیاترە کە ئەو تیم و گروپی ئاراستەکراو بەبێ لێپرسینەوە ئەو هێرشانە دەکەن و تائێستاش کەسێک رووبەرووی یاسا نەکراونەتەوە، لەکاتێکدا ئەم هێرشانە بە ئاشکرا باسکراون"، عەتا کەریم وایوت.

دیاری محەمەد بەرێوەبەری سەنتەری میترۆ، هاورابوو لە بارەی مەترسییەکانی هێرشی ئەلیکرترۆنی و تەسککردنەوەی پانتایی ئازادیی و رایگەیاند: "ئەو هێرشانە مەترسی راستەقینەن بۆ سەر ئازادی و کاری میدایایی و چەند سایت و پێگەیەکی دیکەش سکاڵایان کردووە و لەگەڵ ریکخراوو و ناوەندە دیپلۆماسییەکان باسی مەترسسیەکانی سەر ئازادی و چەواشەکاریی کراوە".

"بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای زانیاری، كێشەو گرفتیشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە و هەندیکجار دەکرێنە ئاستەنگن لە بەردەم ئازادی رادەربڕین و كاری رۆژنامەگەری"، دیاری محەمەد وای وت.

هاوکات راپۆرتی پێشیلکاریی و هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر PUKMEDIA، پێشکەش بە سەندیکای رۆژنامەنوسیانی کوردستان لقی سلێمانی کرا و مەترسییەکانی بەوردی باسکرا.

کاروان ئەنوەر سکرتێری سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان لقی سلێمانی، راپۆرتی پێشێلکاری هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر PUKMEDIA ی پێشکەشکرا و تەئکیدیکردەوە کە ئەو هێرشە ئەلیکترۆنیانە بەربەستی راستەقینە و لەمپەری بەردەم کاری میدیای نوێیە و بەشێکی زۆر پەیجەکان رووبەرووی ریپۆرت و لیدان بوونەتەوە.

هەروەک بەپێویستی زانی کە کۆنفرانسێکی فراوان بۆ ئەم پرسە ببەسترێت و کە پەنجە بخاتە سەر مەترسی و ئالنگارییەکان و هۆکار و مەبەستی ئەوانەی ئەو هیرشانە دەکەن، کە "زەرەرمەندی یەکەم پرسی ئازادیی میدیا و دیموکراسییە لە هەرێم".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP