ئەمڕۆ ٢٧-١٢-٢٠٢٤ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەنۆهەمین کۆنگرەیدا بە زۆرینەی دەنگ مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەدین-ی بە ئەمینداری گشتی حزبەکە هەڵبژاردەوە، لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستە دەکات کە ئەمە دەقەکەیەتی:
بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
بەبۆنەی بەستنی کۆنگرەی نۆیەم و هەڵبژاردنەوەی بەڕێزتان بە ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و ئەندامانی کۆنگرە و هەموو ئەندامان و جەماوەری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەکەم و هیوادارین دەرئەنجامی بڕیار و پەسندکراوەکانی کۆنگرە ببێتە مایەی بەدەستهێنانی دەستکەوت و سەرکەوتنی گەورەتر بۆ حیزبەکەتان.
لەم قۆناغە ئاڵۆز و هەستیارەی ناوچەکەدا وڵاتەکەمان پێویستیی بە لێکتێگەیشتن و هاوهەڵوێستی زیاترە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا بۆ ئەوەی بە کۆدەنگی و بڕیاری ژیرانەوە دەرفەتەکان بقۆزینەوە و مەترسییەکانیش بڕەوێنینەوە. هەر بۆیە چاوەڕێین یەکگرتووی ئیسلامی لە دوای کۆنگرە رۆڵی گەورەتر و کاریگەرتر ببینێت لە قوڵکردنەوەی گیانی ئاشتەوایی و تەبایی و یەکڕیزی لەناو هەرێمی کوردستان و لەم پێناوەشدا ئێمە ئامادەی هەموو جۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەکین.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP