به‌یانی ئه‌مڕۆ 22-12-2024 به‌ئاماده‌بوونی
خانمی یه‌كه‌می عیراق له‌سه‌ماوه گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ هه‌ڵدرایه‌وه كه روفاتی 150
ژن و منداڵی كوردی تێدایه‌و سه‌رجه‌میان گهرمیانیین و به‌پێی به‌ڵگه‌كان چه‌ند ژنێكیان
له‌و سه‌رده‌مه‌دا دوو گیان بوون، ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش ده‌ڵێت:
"ده‌رده‌كه‌وێت روفاته‌كان چاو و ده‌ستیان به‌ستراوه‌ته‌وه‌و گولله‌باران
كراون، چونكه شوێنه‌واری گوللـه به رووفاتهكانهوه هه‌یه".
كاروان یاروه‌یس ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی
عیراق رایگه‌یاند: "له‌ناو گۆڕهبهكۆمهڵهكهدا روفاتی 150 كه‌س دۆزراونه‌ته‌وه
كه سه‌رجه‌میان خه‌ڵكی گه‌رمیانن و ژن و منداڵن و جلوبه‌رگی به‌هاره‌یان له‌به‌ردایه،
هاوكات له‌ناویشیاندا سێ روفاتی ژن هه‌ن كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا دووگیان بوون".
" كاروان یاروه‌یس وتی:"روفاته‌كان چاو و ده‌ستیان به‌ستراوه‌و
گولله‌باران كراون و دواتر به‌كۆمه‌ڵ خراونه‌ته ژێر خاكه‌وه، هاوكات شوێنه‌واری
فیشه‌كی كڵاشینكۆف لهگۆڕهبهكۆمهڵهكهدا دۆزراوه‌ته‌وه"
ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق
راشیگه‌یاند: "ئه‌م گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه یه‌كێكه له‌و سێ گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌ی
كه ئه‌مریكییه‌كان له‌كاتی گه‌ڕان به‌دوای كوهیتییهكاندا دۆزیویانه‌ته‌وه‌و به‌جێیانهێشتووه،
پێشتر یه‌كێك له‌و گۆڕانه هه‌ڵدرانه‌وه، ئه‌مڕۆش گۆڕی دووه‌م هه‌ڵدرایه‌وه‌و
له‌داهاتووشدا سێیه‌م گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ هه‌ڵده‌درێته‌وه".
وتیشی: "له‌ئێستادا تیمه‌كان كاری خۆیان
ده‌كه‌ن و له‌قۆناغی دووه‌مدا سه‌رجه‌م روفاته‌كان بۆ پشكنین ره‌وانه‌ی پزیشكی
دادوه‌ری به‌غدا ده‌كرێن و سامپڵی خوێن له‌كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان وه‌رده‌گیرێت،
دواتریش له‌مه‌ڕاسیمێكی شایسته‌دا له‌چه‌مچه‌ماڵ بهخاكدهسپێرێن".
ئه‌مڕۆ به‌ئاماده‌بوونی شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
خانمی یه‌كه‌می عیراق و لێپرسراوان و پارێزگاری موسه‌نا، گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ له‌بیابانی
ته‌ل شێخیه‌ی پارێزگای سه‌ماوه هه‌ڵدرایه‌وه كه ژن و منداڵن و سه‌رجه‌میان
كوردن و تاوانه‌كه بۆ زیاتر له 35 ساڵ پێش ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه له‌سه‌ر ده‌ستی
رژێمی دیكتاتۆری پێشووی عیراق به‌رامبه‌ر به‌كورد كراوه.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP