ئەمڕۆ ئەمریکاییەکان سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرن، 60ـەمین هەڵبژاردنی
سەرۆکایەتی ئەمریکا لە سەعات 7ی بەیانی بەکاتی ئەمریکا و 2ی پاش نیوەڕۆ بەکاتی
هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و بڕیارە 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرێت.
ئەمڕۆ دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی
ئەمریکا دەستپێدەکات و زیاتر لە 230 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام تاوەکو
ئێستا تەنیا نزیکەی 186 ملیۆن کەس ناوی خۆیان بۆ دەنگدان تۆمارکردووە و نزیکەی 130
هەزار ناوەندیش لە سەرتاسەری وڵاتەکە بۆ دەنگدەران تەرخانکراوە.
ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان و کامالا هاریس کاندیدی
دیموکراتەکان دوو کاندیدە سەرەکییەکەی ئەم خولەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکان
هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵاتەکەدا، هەر
435 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەش هەڵدەبژێردرێن و هەروەها لە کۆی 100
ئەندامی ئەنجوومەنی پیران، 34یان هەڵدەبژێردرێن.
ئەگەرچی وادەی رەسمی دەستپێکردنی دەنگدان رۆژی
5ـی تشرینی دووەمە، بەڵام بەشێک لە ئەمریکاییەکان بەشداریی دەنگدانی پێشوەختە
دەکەن و بەگوێرەی داتاکانی ئەو وڵاتە تاوەکو ئێستا
نزیکەی 77 ملیۆن کەس بەشداریی دەنگدانی پێشوەختیان کردووە، کە لە 21ـی مانگی
ئەیلولەوە لە هەندێک لە ویلایەتەکان دەستیپێکردووە.
پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا جیاوازە لە تەواوی
پرۆسەکانی دونیا. هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا هەڵبژاردنێکی ناڕاستەوخۆیە،
دەنگدەر راستەوخۆ دەنگ بە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی نادات، بەڵکو دەنگ بە نوێنەرانی
دەستەی کاندیدەکان دەدەن، کە ژمارەیان 538 نوێنەرە، دواتر زۆرینەی براوەی ئەو
ئەندامانە سەرۆکی هەڵبژێردراو دیاریدەکەن.
ئەگەر هاریس زۆرینەى دەنگەکان بەدەستبهێنێت دەبێتە یەکەمین ژن
لە مێژووى وڵاتەکە پۆستى سەرۆکى ئەمەریکا وەربگرێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP