لە شەوی سەری ساڵدا نزیكەی هەزار ئۆتۆمبێل لە فەڕەنسا سوتێندراون

جیهان
14:11 - 2025-01-02

وەزیری ناوخۆی فەرەنسا دەڵێت، سەدان هەزار لە فەرەنسییەكان بە ئاهەنگی رەسمی پێشوازییان لە ساڵی نوێ كرد، بەڵام لەو شەوەدا نزیكەی هەزار ئۆتۆمبێل سوتێنراون.
برۆنۆ ریتیلۆ، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ئاشكرایكرد، لە سەرتاسەری وڵاتدا 984 ئۆتۆمبێل سووتێندراون و  نزیكەی 420 كەس دەستگیركراون و لەو ژمارەیەش 310 ئۆتۆمبێلیان لای پۆلیس هێڵدراونەتەوە.
وەزیری ناوخۆ ئەو ژمارەیەی بە نائاسایی ناوبرد و رایگەیاند، “ئەم توندوتیژییە ئەنجامی ئەو دڕندەییەیە كە ترسنۆك و چەقۆكێشەكان بەرجەستەی دەكەن بە هێرشكردنەسەر ماڵی كەسانی ئاسایی فەرەنسی، ئەوانەی هۆكارێكیان نییە بۆ پاراستنی ئۆتۆمبێلەكانیان لە گەراجە تایبەتەكانی ئۆتۆمبێلدا”.
لە بەرامبەردا سەدان هەزار لەو كەسانەی لە شەقامی شانزلیزیە لە پاریس بەشداری ئاهەنگەكانیان كرد، دووربوون لەو ئاژاوەگێڕییانە، ئەوان بینەری نمایشی شانۆیی و میوزیك بوون لە شەقامە بەناوبانگەكە، سەرەڕای نمایش سەرنجڕاكێشی یارییە ئاگرینەكان.
بەپێی راپۆرتە سەرەتاییەكان، ئاهەنگەكان كە پێشبینی دەكرا هاوشێوەی ساڵی رابردوو نزیكەی ملیۆنێك كەس رابكێشێت، بەشێوەیەكی تا رادەیەك ئارام بەڕێوەچوو.
پێشتر نزیكەی 10 هەزار پۆلیس لە پایتەختی فەرەنسا بڵاوەپێكران، سەرەڕای گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنیی پێویست و گرتنی شەقامە سەرەكییەكە لەبەردەم هاتوچۆی ئۆتۆمبێلدا، ئەو ئۆتۆمبێلانە سوتێنران.



بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP