دەم پارتی رایدەگەیەنێت:
"عەبدوڵڵا ئۆجەلان تەندروستیی باشەو ورەی بەرزەو هەڵسەنگاندنەكانی سەبارەت بەدۆزینەوەی
چارەسەری هەمیشەیی بۆ كێشەی كورد، زۆر گرنگن و پێشنیازی چارەسەری ئەرێنیی خستوەتەڕوو".
دەم پارتی لەبارەی سەدانیكردنیان
بۆ ئیمڕاڵی راگەیەندراوێكی بۆ رای گشتی بڵاوكردەوەو ئاماژە بەوەدەكات: "لە
28ـیی كانوونی یەكەمی 2024ـدا، دانیشتنێكی فراوانمان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی
ئەنجام داو تەندروستیی باشەو ورەی زۆر بەرزە، هەڵسەنگاندنەكانی سەبارەت بەدۆزینەوەی
چارەسەری هەمیشەیی بۆ كێشەی كورد، زۆر گرنگ بوون، هاوكات لەدانیشتنەكەدا كە هەڵسەنگاندن
بۆ دوایین پێشهاتەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و توركیا كرا، ئۆجەلان پێشنیازی چارەسەری
ئەرێنیی خستەڕوو بەرامبەر بەسیناریۆ تاریكەكان كە دەسەپێنرێن".
بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی دەم
پارتی، چوارچێوەی گشتیی بیرۆكەكان و روانگەكانی بریتین لە:
-لەبەهێزكردنەوەی
برایەتی تورك-كورد، وێڕای ئەوەی بەرپرسیاریێتییەكی مێژووییە، گرنگەو بووەتە پێویستییەكی
چارەنووسساز بۆ هەموو گەلان.
- بۆ
سەركەوتنی پڕۆسەكە، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی توركیا دەستپێشخەری بكەن و
هەڵوێستی ئەرێنی و ئاڤاكاریان هەبێت بەبێ گیرۆدەبوون بە حیساباتی كاتی و تەسك. بێگومان
یەكێك لە گرنگترین مەیدانەكانی ئەم بەشدارییە، پەرلەمانی توركیا دەبێت.
- رووداوەكانی
غەززە و سووریا دەریان خستووە كە چیتر ناكرێت چارەسەری ئەم كێشەیە دوابخرێت كە هەوڵدەدرێت
لە رێگەی دەستتێوەردانی دەرەكییەوە ئاڵۆزتر بكرێت. بۆ بەسەركەوتن گەیاندنی كارێك كە
گرنگییەكەی هاوشێوەی مەترسییەكەیە، پێشنیاز و بەشداریی ئۆپۆزیسیۆنیش گرنگن.
- من
خاوەنی ئەو شارەزایی و بڕیارەم كە بەشداری پێویست لە پارادایمە نوێیەكەدا بكەم كە
بەڕێزان باخچەلی و ئەردۆغان پشتیوانیی لێ دەكەن.
- شاند،
ئەم روانگەیەی من لەگەڵ دەوڵەت و لایەنە سیاسییەكان باس دەكات. لەبەر رۆشنایی ئەمانە،
ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی بنێم و بانگەواز بكەم.
- هەموو
ئەم هەوڵانەمان، وڵات دەگەیێنێتە ئەو ئاستەی شایستەیەتی و هاوكات رێبەرێكی زۆر بەنرخیش
دەبێت بۆ گۆڕانكاری دیموكراتی.
سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموكراسی
و برایەتییە بۆ توركیا و ناوچەكە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP