ئه‌و موچه‌خۆرانه‌ی هه‌رێم له‌ وه‌رگرتنی زه‌وی بێ‌ به‌شكرابوون زه‌وی وه‌رده‌گرن

کوردستان
16:50 - 2024-12-29


لەسەر داوای پەرلەمانتارێكی یەكێتی سەرۆك وەزیرانی عیراق رەزامەندیی دەربڕی بۆ پێدانی پارچە زەوییەكی نیشتەجێبوون بەو مووچەخۆرانەی راژەكەیان سەر بەحكومەتی فیدراڵییەو دانیشتووی هەرێمی كوردستانن.

لەو بارەبەوە بەدرییە حسێن ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەفراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاند: "لەسەر داوای ئێمە كە رۆژی 13-8-2024، داوامانكردبوو، سەرۆك وەزیرانی عیراق رەزامەندیی دەربڕی بۆ پێدانی پارچە زەوییەكی نیشتەجێبوون بەو مووچەخۆرانەی راژەكەیان سەر بەحكومەتی فیدراڵییەو دانیشتووی هەرێمی كوردستانن".

بەدرییە حسێن دەڵێت:"بۆ ئەو مەبەستەش نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی لەبەغدا ئاگادار كردووەتەوە، كەرێكاری یاسایی بۆ پێدانی زەوی نیشتەجێبوون بەو مووچەخۆرانە بگرنەبەر كە راژەكانیان سەر بەحكومەتی فیدراڵین و دانیشتووی هەرێمی كوردستانن" 

راشیگەیاند: "هاوكات هەر لەسەر داوای ئێمە سەرۆك وەزیرانی عیراق رەزامەند بووە بەپێدانی مینحەیەك بەو فەرمانبەرانەو لەداهاتووشدا میكانیزمی وەرگرتنی ئەو مینحەیە ئاشكرا دەكەین و هەوڵەكانمان بۆ دابینكردنی زەوی و مینحە بەردەوام دەبێت".

پێشتر ئەو مووچەخۆرانەی كە راژەكانیان سەر بەحكومەتی فیدراڵی بوون و لەهەرێمی كوردستان نیشتەجێ بوون، لەوەرگرتنی زەوی بێ بەشكرابوون، بەڵام بە هەوڵی پەرلەمانتارەكەی یەكێتی سەرۆكوەزیرانی عیراق بڕیاریدا زەوی نیشتەجێ بوونیان بۆ دابینبكرێت.

 

 



بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP